روونکردنەوەی دەستەی گەشتوگوزار سەبارەت بە وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران لەلایەن کۆمپانیاکانەوە
K24 - هەولێر:
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک لەسەر وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران لەلایەن کۆمپانیاکانەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوەکرد، مەبەست لە راگەیەندراوەکەی دەستەی گەشتوگوزار تەنیا کۆمپانیا گەشتیارییەکانە نەک خودی سەیرانگاکان.
راگەیەندراوەکەی دەستەی گەشتوگوزار کە دوێنێ 17ـی تەمووز بڵاوکرایەوە، تێیدا بڕیاردرا، سەرجەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئاگادار بکرێنەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە ژێر هیچ پاساوێک داوای پارە لە گەشتیاران نەکەن لە بەرامبەر چونەژووەوە بۆ سەیرانگا و هاوینەهەوارەکان.
دەستەی گەشتوگوزار روونیشیکردەوە، مەبەست لە راگەیەندراوەکەی دەستەی گەشتوگوزار تەنیا کۆمپانیا گەشتیارییەکانە نەک خودی سەیرانگا و هاوینەهەوار و بنکە گەشتیارییەکان.
ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سکاڵایان کرد لەوەی کە بە بیانوی جیاواز هەندێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان داوای بڕێک پارەیان لێ دەکەن لە بەرامبەر چونەژوورەوەیان بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگاکان. دەستەی گەشتوگوزار بە ئەرکی خۆی هەڵسا و بەدواداچوونی کرد، دەرکەوت کە وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران لەلایەن هەندێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە حالەتەوە بووەتە دیاردە.
دەستەی گەشتوگوزار راشیگەیاند، بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە و لەپێناو بەرژەوندی گەشتیاران، ئەو بڕیارە دراوە.