ئەم هەفتەیە ئاسۆ رۆستەم داهاتووی خۆی یەکلا دەکاتەوە
ئەم هەفتەیە ئاسۆ رۆستەم داهاتووی خۆی یەکلا دەکاتەوە و بڕیار لەبارەی ئەو ئۆفەرانە دەدات کە بۆی هاتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئاسۆ رۆستەم هێرشبەری یانەی شوڕتە چەند ئۆفەرێکی لە یانەکانی دەرەوەی عێراق بۆ هاتووە و ئەم هەفتەیە بڕیار لەبارەی ئەو ئۆفەرانە دەدات و داهاتووی خۆی یەکلا دەکاتەوە.
ئاسۆ رۆستەم سەرەتای ئەمساڵ لە گواستنەوەی زستانەی یاریزانان پەیوەندی بە ریزەکانی شوڕتە کرد و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سالمیەی کوەیتی هەڵوەشاندەوە، کە لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق حەوت گۆڵی بە درێسی یانەکەی بەغدا تۆمارکرد و نازناوی خولی نایابی عێراقیشی بەدەستهێنا، دوێنێ سێشەممە ئاسۆ و یاریزانەکانی دیکەی شوڕتە نازناوی خولەکەیان بەرزکردەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئاسۆ رۆستەم کە بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەی شوڕتە واژۆ کردووە، لەگەڵ یانەکەی گفتوگۆ لەبارەی بەندێکی گرێبەستەکەی دەکات بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی یەکلا بکاتەوە.
ئاسۆ رۆستەم پێشتر لە ریزی یانەکانی نەورۆز و هەولێر یاریی کردووە و لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی جامی کەنداوی بەسرەی کرد و نازناوەکەیان بەدەستهێنا و حەوت یاریی بە درێسی شێرەکانی رافیدەین ئەنجام داوە.