وەزارەتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا: بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە 60 هەزار تۆن دانەوێڵە لە ئۆدێسا لەناوچووە

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، لە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر بەندەری ئۆدێسا، لە بەندەری چۆرنۆمۆرسکیش 60 هەزار تۆن دانەوێڵە لەناوچووە، کە دەبوو لە رێگەی دەریای رەشەوە هەناردە بکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سوپای رووسیا ئاشکرایکرد، هێزەکانیان چەند بنکەیەکی پیشەسازی سەربازی و وێستگەی سووتەمەنیان لە بەندەری ئۆدێسا مووشەکباران کردووە، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشی سەر پردی کریمیا.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ ئاگر لە بنکەیەکی مەشقی سەربازی لە نیمچەدوورگەی کریمیا کەوتەوە و حاکمی کریمیا رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە دوو هەزار و 200 هاووڵاتی لە چوار یەکەی نیشتەجێبوون رادەگوێزن.

سێرگی ئەکسیۆنۆڤ، حاکمی کریمیا ئاماژەی بەوەشدا، هیچ قوربانییەک بەهۆی ئاگرەکەوە تۆمارنەکراوە و هاووڵاتییان هاوکاری تەواویان دەکرێت.