سوودانی: پێویستە زانکۆکان رەچاوی درووستکردنی دەستی کار بکەن

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوا لە زانکۆکان دەکات بۆ بەرزکردنەوەی پلەی زانستی، تەنیا پشت بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە نەبەستن.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆ عێراقییەکان، دوایکرد چی دیکە بەرزکردنەوەی پلەی زانستی پەیوەست نەبێت بە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە لە گۆڤارە زانستییەکاندا.

سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، دەرچووانی زانکۆ عێراقییەکان بەپێی خواستی بازاڕ نیین و پێویستە زانکۆکان رەچاوی درووستکردنی دەستی کار بکەن.

گوتیشی، زۆرێک پسپۆرییه‌كانی زانكۆ پێویست نین و بوونەتە بار بەسەر حکومەتەوە، لە کاتێکدا گەلێک بواری نوێ هەن شایەنی ئەوەن دەوڵەت وەبەرهێنانیان تێدا بکات.

پێشتریش گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق رایگەیاندبوو، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (11ـی حوزەیرانی 2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەکانی وەزارەتەکەیانی لەبارەی کردنەوەی زانکۆی حکومی و تایبەت پەسەندکرد، کە لەمەودوا لەسەر چەند بنەمایەکی نوێ مۆڵەت بە کردنەوەی زانکۆی نوێ دەدرێت، بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، پێداویستی بازاڕ، کوالێتی خوێندن و ئاستی زانستی و ئەکادیمی لەبەرچاو دەگرێت، هاوکات هەڵسەنگاندنی زانکۆ تایبەتەکانیش لەخۆدەگرێت.

لەبارەی مەرجی کردنەوەی زانکۆی تایبەت لە عێراقدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژەینەوەی زانستی عێراق مەرجی ئەوەی داناوە کە پێویستە بۆ لە مەودوا هەر زانکۆیەکی تایبەت بکرێتەوە پێویستە لەگەڵ زانکۆیەکی بیانی متمانەپێکراوی ئاست بەرز هاوبەشی بکات کە لە لیستی زانکۆ باوەرپێکراوەکانی وەزارەتەکەیاندا هەبێت.

حەیدەر عەبودی ئاماژەی بەوەشکردبوو، هاوبەشیکردنی زانکۆ تایبەتەکان لەگەڵ زانکۆیەکی بیانی پێویستە لەسەر ئاستی بەرنامە و پرۆگرامەکانی خوێندن بێت بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی دوو ساڵی خوێندن، بە پێچەوانەوە، پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان لەو کۆلیژە یاخود بەشە زانستییە هەڵدەپەسێردرێت.

لە سیستەمی خوێندنی باڵای عێراقدا جگەلە هەرێمی کوردستان، 35 زانکۆی حکومی و 66 زانکۆ و کۆلیژی زانکۆیی تایبەت هەیە کە بە گوێرەی یاسای خوێندنی باڵای تایبەت بە ژمارە (25)ـی ساڵی 2016 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقدان.