زیاتر لە 3000 رۆژ بەسەر شەڕی یەمەن تێدەپەڕێت
K24 – هەولێر:
زیاتر لە سێ هەزار رۆژ بەسەر دەستپێکی جەنگی یەمەندا تێپەڕی، یەک لە دەرەنجامەکانی ئەو جەنگە دووکەرتبوونی شاری تەعزە، بەجۆرێک ئێستا هەموو رێگەکان و دەروازەکان بۆ ئەو شارە داخراون، درێژبوونەوەی ماوەی جەنگەکە رەوشی مرۆیی یەمەنی زۆر خراپ کردووە، هەموو ئەوانەش لە کاتێکدان کە دانوستان و گفتوگۆکان، هیچ ئەنجامێکیان لێ شین نەبووە .
ئوسامە عەفیف، هاووڵاتی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "جاران بە چەند خولەکێک و ئێستا بە هەشت کاتژمێر لەمبەری شارەکەوە دەگەینە ئەوبەری شار، بۆخم ماوەی چوارساڵە نەمتوانیوە سەردانی دایکم بکەم، تەنیا لەبەرئەوەی رۆژنامەنووسم".
ماوەی نۆ ساڵە، رێگاو دەروازەکانی سەرشاری تەعز داخراوون، زۆرجاران لە نزیک دوا خاڵی گەمارۆکەوە خۆنیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامدەدرێت، وەکو هەوڵێک بۆ راکێشانی سەرنجی جیهان بۆ ئازارەکانی چوار ملێۆن خەڵک، لادان لەسەر رێگە کاتییەکان چەندین رووداوی هاوتوچۆی کارەساتباری خستۆتەوە، نیو ملیار دۆلاری ئەمریکیش زیانی بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیاندووە، بەسەر هەموو کەرتەکانیشەوە شوێنەواری نەرێنی دروست کردووە، ئەو هەوڵ و دانوستانانەی بۆ کردنەوەی رێگاکانیش خراونەتە گەڕ، هیچ کەڵک و ئەنجامیکی نەبووە.
لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد هەزاع، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ کوردستان24، گوتی: "تا ئێستا هیچ جۆرە پێشکەوتنێکمان نەدیووە، پرۆسەی سیاسی راوەستاوە، هیچ میزێکی ئاشتەوایش بۆ یەمەنییەکان نەڕازاوەتەوە، دەبینین کۆمەلگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ حوسییەکان نەرمە و رازیان دەکات، چونکە لەوکاتەیدا فڕۆکەخانەی سەنعا و بەندەری حودەیدە بۆ ئەوان دەکاتەوە، کەچی هاووڵاتیانی تەعز نۆساڵە لەژێر گەمارۆدا هێڵراونەتەوە ".
لەمانگی نیسانی رابردوودا موژدەی نزیکبوونەوەی ئاشتیانەی حوسیەکان و عەرەبساتنی سعودییە ، یەمەنییەکانی دڵخۆش کرد، پێشبینی دەکرا ئاشتییەکە بۆ هەموو لایەنەکانی ململانێکە شۆڕببێتەوە، بەڵام نە دانیشتنەکان درێژەیان پێدراو نە دەرەنجامیکی نزیکبوونەوەکەش راگەیەندراوە.
بەدیھاتنی ئاشتی لە یەمەن، بەزۆر دۆسییەی مرۆیی و ئابورییەوە پەیوەستە، كە بەدرێژای جەنگەكە خاڵی سەرەكی ناكۆكی نێوان لایەنە بەشەڕھاتووەكان بوون، چاودێران هۆکاری شکستخواردنی هەوڵەکانی ئاشتی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لایەنە ناکۆکەکان سازش بۆ یەکتری ناکەن، چونکە دەترسن پاش جەنگەکە، سازشکردنەکە دەسەلاتیان کەم بکاتەوە.