ئیبراهیم عەبدولمەجید: وەرگرتنی پارە بۆ چوونەژوورەوەی ناوچە گەشتیارییەکان نایاساییە

ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزار
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزار

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزار، رایدەگەیەنێت، بەشێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی پارە لە گەشتیاران وەردەگرن لە بەرامبەر چوونە ژوورەوەیان بۆ ناوچە گەشتیارییەکان، هەروەها دەشڵێت: هەر کۆمپانیایەکی گەشتیاری پارە لە گەشتیاران وەربگرێت لەبەرامبەر چوونەژوورەوەیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان، سزا دەدرێت.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزار، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، ئاشکرایکرد، بەم دواییانە لەلایەن ژمارەیەکی زۆری گەشتیار کە لە باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگەدارکراونەتەوە و گەشتیاران سکاڵا و گازاندەی خۆیان گەیاندووەتە هەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتوگوزار هەم دەستەی گەشتوگوزار.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزار، رایگەیاند، بەشێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان بە پاساوی نایاسایی داوای بڕێک پارە لە گەشتیاران دەکەن لە بەرامبەر چوونەژوورەوەیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان، "ئێمە راگەیاندروێکمان بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر هەندێک لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کرا، ئێمە لە راگەیاندراوەکە پەیاممان ئاراستەی دوو لایەن کردووە، لایەنی یەکەمیان، گەشتیارانن و ویستومانە بەرچاویان روونبێت نەچنە ژێرباری پێدانی هیچ بڕە پارەیەک بە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لەبەرامبەر چوونەژوورەوەیان بۆ شوێنە گەشتیارییەکان".

هەروەها راشیگەیاند، "لایەنی دووەم کە پەیامەکەمان ئاراستەی کردووە کۆمپانیا گەشتیارییەکانن بە گشتی و بە تایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەوڵی ئەوەدان پارە لە گەشتیاران وەربگرن لە بەرامبەر چوونەوەژوورەوەی شوێنە گەشتیارییەکان، سەرجەمیان ئاگەدارکراونەتەوە و لەکاتی پابەندنەبوونیشیان رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە".

ئیبراهیم عەبدولمەجید، ئاماژی بەوەدا، هیچ رێنمایی و یاساییەک نییە دەسەڵات بدات بە کۆمپانیایەکی گەشتیاری کە هیچ بڕە پارەیەک لە گەشتیاران وەربگرێت، "ئێمە لێپێچینەوەی یاسایی خۆمانیان لەگەڵدا دەکەین، لە پێبژاردن تا دەگاتە ئەوەی رێگری دەکەین لەوەی جارێکی دیکە نەتوانن گەشتیار بهێننەوە هەرێمی کوردستان".

جەختی لەوەشکردەوە، هیچ یاسا و رێنماییەکمان نییە کە دەستی کۆمپانیا گەشتیارییەکان کراوە بکات لە وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزار، باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان چەند شوێنێکی زۆر کەم هەن لە بەرامبەر چوونەژوورەوەی گەشتیاران دەبێت پارە بدەن، ئە بڕە پارەیەش کە لە گەشتیاران وەردەگیرێت لەو شوێنانە بڕە پارەیەکی رەمزییە و بۆ مەبەستی پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری و حەوانەوەی گەشتیاران بەکاری دەهێنن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، ئەوەشی خستەڕوو، "لەڕێگەی رێنماییەکانمان لە ئیستادا سەرجەمی گەشتیاران بەرچاویان روونە کە چۆن دەبێت مامەڵە بکەن لەگەڵ ئەو کۆمپانیا گەشتیارییانەی کە لەگەڵیاندا گەشت دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان".

رۆژی دووشەممە (17ـی تەمووزی 2023)، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بڕیاردرا، سەرجەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئاگادار بکرێنەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە ژێر هیچ پاساوێک داوای پارە لە گەشتیاران نەکەن لە بەرامبەر چونەژووەوە بۆ سەیرانگا و هاوینەهەوارەکان.

دەستەی گەشتوگوزار روونیشیکردەوە، مەبەست لە راگەیەندراوەکەی دەستەی گەشتوگوزار تەنیا کۆمپانیا گەشتیارییەکانە نەک خودی سەیرانگا و هاوینەهەوار و بنکە گەشتیارییەکان.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سکاڵایان کرد لەوەی کە بە بیانوی جیاواز هەندێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان داوای بڕێک پارەیان لێ دەکەن لە بەرامبەر چونەژوورەوەیان بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگاکان. دەستەی گەشتوگوزار بە ئەرکی خۆی هەڵسا و بەدواداچوونی کرد، دەرکەوت کە وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران لەلایەن هەندێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە حالەتەوە بووەتە دیاردە.

دەستەی گەشتوگوزار راشیگەیاند، بۆ رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە و لەپێناو بەرژەوندی گەشتیاران، ئەو بڕیارە دراوە.