مارکۆ روبیۆ: فشاری ئابووری سەر ئێران توندتر دەکەین

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە پاریس بە هاوتاکانی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران بەردەوام بکات بە ئامانجی پەراوێزخستنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، لە جیاتی گەڕانەوە بۆ جەنگ یان هەوڵدان بۆ واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵیدا.

ئەم ستراتیژە لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەیەوە پشتگیری دەکرێت، بەڵام هاوپەیمانانی واشنتن لە ناوچەکە نیگەرانن لە لێکەوتە درێژخایەنەکانی بەردەوامیی ئەو فشارانە.

بەگوێرەی تۆڕی ئاکسیۆس، روبیۆ لەنێو ئەو ئەندامانەی تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکادایە کە پاڵپشتیی ئەم ستراتیژەیان کردووە، لە پاڵ سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینە، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندی و جارد کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ. هاوکات بۆچوونەکان لەنێو ئیدارەکەدا سەبارەت بە چۆنیەتیی کۆتاییهێنان بە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاران جیاوازن.

لەلایەکی دیکەوە، هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەوانەش تورکیا، عێراق و پاکستان نیگەرانن لەوەی درێژەکێشانی فشارەکان ناچاریان بکات مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ تاران رابگرن، لەوانەش راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی سنوورەکان، کە ئەمەش رەنگە ئاڵۆزییە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوخۆی وڵاتەکانیان زیاتر بکات.

دوێنێ سێشەممە، بەگوێرەی ئەوەی تۆڕەکە لە سێ کەسی ئامادەبووی کۆبوونەوەکەی پاریسەوە گواستوویەتییەوە، روبیۆ گوتی: "ترەمپ دوو بژاردەی تاوتوێ کردووە، کە بریتین لە گەڕانەوە بۆ جەنگ یان واژۆکردنی رێککەوتن، بەڵام بڕیاریداوە بەردەوامی بە رێچکەی ئێستا بدات کە پشت بە گوشاری ئابووری دەبەستێت".

دوای کۆبوونەوەکانی پاریس، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ئاشکرادا بەرگری لەم ئاراستەیە کرد و گوتی: "گەمارۆ ئابوورییەکان و گەمارۆی دەریایی زیانی زیاتر بە ئابووریی ئێران دەگەیەنن، واشنتن پێویستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان نییە مادام لە رێگەی ئامرازە ئابوورییەکانەوە بە ئامانجەکانی دەگات".

روبیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە، گوشارەکان بە تێپەڕبوونی کات کەڵەکە دەبن و گوتی: "توانای ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا رووبەڕووی ئاستەنگی بێوێنە بووەتەوە".