ئێران هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەرجەنتینی خستە لیستی تیرۆر
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی بڕیارێکی حکوومەتی ئەرجەنتین دژ بە سوپای پاسداران، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەرجەنتینی وەک دوو رێکخراوی تیرۆریستی ناساند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیارەکە بە پشتبەستن بە بنەمای مامەڵەی هاوشێوە و یاسایەکی ساڵی 2019ـی ئێران گیراوەتە بەر. بەگوێرەی ئەو یاسایە، هەر وڵاتێک بە هەر شێوازێک پشتگیری لە بڕیاری ئەمریکا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران بکات، رووبەڕووی رێوشوێنی هاوشێوە دەبێتەوە.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی ئەرجەنتین بە پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی هەنگاوێکی دوژمنکارانەی ناوە، چونکە سوپای پاسداران، کە یەکێکە لە ستوونەکانی هێزە چەکدارە فەرمییەکانی ئێران، وەک قەوارەیەکی تیرۆریستی دیاری کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەرجەنتین دەکەونە چوارچێوەی ئەو یاسایە و حکوومەتی ئەرجەنتین بەرپرسە لە سەرجەم لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە.
ئەم بڕیارەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەرجەنتین لە 1ـی نیسانی رابردوو سوپای پاسدارانی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند. ئەرجەنتین هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە سوپای پاسداران پاڵپشتی حزبوڵڵای لوبنانی کردووە بۆ دوو لە مەترسیدارترین هێرشەکان لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو روویاندا.
ئەم هەنگاوەی ئێران چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئێران رێوشوێنێکی هاوشێوەی دژی بەریتانیا گرتە بەر و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانیی بەریتانیای بە هەمان هۆکار خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.