رووداوێکی هاتووچۆ لە شارەزوور گیانلەدەستدانی سێ کەسی لێکەوتەوە

وێنەی رووداوەکە
وێنەی رووداوەکە

K24 - هەولێر:

رووداوێکی هاتووچۆ لە شارەزوور روویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش برینداربوون.

نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لەوبارەیەوە رایگەیاند، رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لەسەر رێگای نێوان شارەزوور - سەیدسادق نزیک گوندی مەحمودخانی رووی داوە و دەستبەجێ دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە کە باوکێکی تەمەن سەروو 50 ساڵ و منداڵێکی ساوای تەمەن سەروو چوار مانگ بووە کە بەڕەگەز عەرەب بوون.

ئاماژە بەوەشدرا، کەسێکی دیکە لە بریندارەکان پاش گەیاندنی بە فریاکەوتنی سلێمانی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی زانیارییەکان، هەر لەو رووداوەدا 8 هاوڵاتی دیکە بەسەختی برینداربوون، پاش گەیاندنیان بە هۆبەی فریاکەوتی نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ، فریاگوزاری سەرەتایی بۆ بریندارەکان کراوە دواتر بە چوار ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن رەوانەی فریاکەوتنی سلێمانی کران.