زیلێنسکی باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا لە کارەکەی دووردەخاتەوە
K24 - هەولێر:
دوای رەخنەگرتن لە شێوازی کارکردنی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا لە داواکارکردنی هاوکاری سەربازی، ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، ڤادیم پریستاکۆ باڵیۆزی ئۆکرانیای لە بەریتانیا لە کارەکەی دوورخستەوە.
بەپێ راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا، زیلێنسکی واژۆی لەسەر دوورخستنەوەی باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا کردووە، بەڵام وردەکاری هۆکارەکەی نەخستووەتەڕوو.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوود ڤادیم پریستاکۆ باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەریتانیا رەخنەی لەشێوازی داواکردنی چەک لەلایەن کیێڤەوە لە لەندەن گرتبوو.
لە 24ـی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێدەکەن و لەوکاتەوە تا ئێستا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە.
لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، جگە لە برینداربوون و کوژرانی هەزاران سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی، ملیۆنان هاووڵاتی ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکانی دیکە بوون.
زیلێنسکی لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا بەردەوام لە هەوڵی دابینکردن و بەدەستهێنانی هاوکاری سەربازییە بۆ سوپای وڵاتەکەی.