کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: بۆ ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لە 95 هەزار دەنگدەری نوێ بەشداریدەکەن
K24 – هەولێر:
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامارێكی نوێی لەبارەی ژمارەی دەنگدەران و حزب و هاوپەیمانی و ناوەندەكانی تۆماركردنی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئاشكرا كرد، هاوكات میكانیزمی تۆماركردنی بۆ ئاوارەكان و دەنگدەرانی شەنگال روونكردەوە، هاوکات راشیگەیاند، بۆ ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لە 95 هەزار دەنگدەری نوێ بەشداریدەکەن.
ئەمڕۆ هەینی (21ـی تەمووزی 2023)، داود سەلمان خزەیر، بەڕێوەبەری رێكارەكان و راهێنان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، لەو هەڵبژاردنەدا ژمارەی دەنگدەری نوێ بۆ زیاتر لە 95 هەزار كەس بەرزبووەتەوە، هەروەها ژمارەی لایەنە تۆماركراوەكانیش گەیشتووەتە 281 لایەن كە 11 لایەنیان مۆڵەتی مەرجداریان هەیە، ئەمەش بە واتای چاوەڕوانی وەڵامی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییە سەبارەت بەوانە
بەڕێوەبەری رێكارەكان و راهێنان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی هاوپەیمانییەكان گەیشتووەتە 41 هاوپەیمانی، ئەمە جگە لە زیادبوونی ژمارەی لایەنە تازەپێگەیشتوەكان بۆ 14 لایەن.
ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە هەزار و 800 تیمی گەڕۆك دەبێت، جگە لە هەزار و 79 ناوەندی تۆماركردن كە لە سەرتاسەری عێراقدا بڵاوبوونەتەوە.
لەبارەی پرسی تۆمارکردنی ئاوارەکانیش، داود سەلمان خزەیر، روونیکردەوە، پرسی تۆماركردنی ئاوارەكان تەنها لەناو كەمپەكاندایە، جگە لە دەنگدەرانی شەنگال كە مافی ئەوەیان هەیە لە ناوەوە و دەرەوەی كەمپەكان لە سەرتاسەری عێراق ناوی خۆیان تۆمار بكەن، هەروەها وێستگەكانیش بۆ دەنگدان مسۆگەر بكەن.