میوزیکژەنێکی سوودانی بەهۆی برسێتییەوە گیانی لەدەستدا
K24 - هەولێر
میوزیکژەنی بەناوبانگی سوودانی، بەهۆی دەستنەکەوتنی خۆراک و برسێتیەوە گیانی لەدەستدا، ئەمەش سوودانییەکانی توشی خەمێکی قوڵ کرد.
دوای بیستنی هەواڵی مردنی میوزیکژەن خالید سەنهوری لە برسان و لەناو ماڵەکەی خۆی لە ئوم درمان، خەمێکی قووڵ سودانییەکانی گرتەوە، بە گوتەی کەسانی نزیک لە خۆی چەند رۆژێکە نەیتوانیوە نان بخوات، براکەشی ناچار بووە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بینێژێت.
میوزیکژەن سەنهوری یەکەم قوربانی شەڕ نییە کە لە برسێتیدا بمرێت، مانگی رابردوو دوو خوشکی بە رەچەڵەک ئەرمەنی لە ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی ئەلعیمارات، دوای 55 رۆژ، بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستدا، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی ناوچەکە نەیانتوانیوە بچنە دەرەوە بۆ وەرگرتنی خۆراک.
وەزیری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە خەرتوم، سەدیق فرینی، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، هاووڵاتیانی خەرتوم پێویستیان بە پشتیوانیی بەپەلە هەیە، هەرچەندە دەنگی ئەوانەی داوای خواردن دەکەن هێشتا کەمە، چونکە هاووڵاتییانی سوودانیی بە حەیاییەوە تایبەتمەندن، هەروەها بەهۆی ئەوەی گەڕان بەدوای سەلامەتی لەم قۆناغەدا لە پێشینەی کارەکانە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ناوچەکانی وڵات بەهۆی شەڕەوە بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن.
شەڕی خەرتوم کە پێی ناوەتە مانگی چوارەمی خۆیەوە، کەس ناتوانێ پێشبینی ئەوە بکات کەی دەوەستێت، سەرەڕای لێدوانی ئومێدبەخشی سەرکردەکانی هەردوولا کە جددین لە راگرتنی شەڕ، بەڵام هێشتا تۆپەکانی هێزە شەڕکەرەکان دەکەونە سەر خەڵکی سڤیل و دامەزراوە تەندروستییەکان، بووەتە هۆی داڕمانی ئابووری سوودان، ئابووریناسان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە زیانی ماددی شەڕەکە بە 40 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.