شارەوانی هەولێر بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان 150 کابینە ئامادە دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆکایەتیی شارەوانی ھەولێر رایگەیاند، بەم نزیکانە دەرفەتی کارکردن بۆ گەنجان دابین دەکات لە رێگەی دانانی زیاتر لە 150 کابینە لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر.
رۆژی شەممە (22ـی تەمموزی 2023)، سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی جێبەجێکردنی راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی ھەلی کارکردن، بریاریانداوە بە دانانی زیاتر لە 150 کابینە، کە لە رێگەی زیاد کردنی ئاشکرا دەفرۆشرێنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی پلانەکەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە سنووری ھەر شارەوانییەکدا، 10 تا 20 کابینە دادەنرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆکارێک بۆ رەخساندنی دەرفەتی کارکردن و دابینکردنی بژێوی چەندین خێزان لە ھەولێر.
سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە لە کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدارەکان و شارەوانییەکانی هەولێر، گفتوگۆیان لەبارەی ئەو پلانە کردووە و بەگوێرەی راگەیەندراوەکەش، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی ئەم ھەفتەیە ئەو پلانە گفتووگۆی لەسەر دەکرێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکە پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی تایبەت تاوتوێکرا لەبارەی رێکخستنی دەرخستەکان بۆ کارو پڕۆژەکان و نۆژەنکردنەوەی پاڕک و باخچەی گەڕەکەکان و کەمکردنەوەی زبڵ و خاشاک و فڕێدانی پاشماوەکان لە شۆستە و شەقامەکاندا.