بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی کارەبا لە سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

وردەکارییەکانی ناو پسوولەی کرێی کارەبا
وردەکارییەکانی ناو پسوولەی کرێی کارەبا

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی کارەبا لە ئەمڕۆوە لە سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانیدا هاتووە: دوابەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت به‌ لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی کارەبا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەمڕۆ یەکشەممە (23ـی تەمووزی 2023) بڕیارەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە بەرواری 24/10/2023 کۆتایی دێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، لەو چوارچێوەیەدا لە ئەمڕۆوە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەى ئەو ژمێرکارانەى پسووڵەی کارەبا دەگەڕێننەوە بۆ هاووڵاتیان لەبەردەم ماڵەکانیان قەرزی کارەبا بدەن یاخود سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا بکەن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانی سەر هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆیان لە دانەوەی قەرزەکانیان، چەند بڕیارێکی دەرکردووە، لەوانە، لێخۆشبوون بەڕێژە و جێبەجێکردنی شێوازی قیست لە دانەوەی قەرزەکان، بەتایبەتی لە قەرزی ئاو و کارەبا.