وۆڵ ستریت جۆرناڵ: رۆژئاوا لە سوپای ئۆکرانیا بێ هیوا بووە

سەربازانی ئۆکرانیا
سەربازانی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەک نووسیویەتی چاوەڕوانی و گرەوکردنی رۆژئاوا لەسەر بوێری و لێهاتوویی ئۆکراینیەکان لە شەڕدا بێهیوا بووە، دوای ئەوەی هێزەکانی کیێڤ شکستیان لە دژە هێرشەکەیان بۆسەر هێزەکانی رووسیا هێناوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بلاویکردووەتەوە و دەڵێت: کاتێک ئۆکرانیا هێرشی بەرپەرچدانەوەی دەستپێکرد، بەرپرسانی رۆژئاوا زانییان کە هێزەکانی کیێڤ توانای پێویستیان نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سوپای رووسیا، بەڵام حسابیان بۆ ئازایەتی و لێهاتوویی ئۆکراینییەکان دەکرد، ئەوەش سەری نەگرت.

رۆژنامەکە نوسیویەتی، کە رووبەڕووبوونەوەی کێڵگە مینەکان و قەڵا بەهێزەکان و باڵادەستی فڕۆکەوانی رووسیا دەبێتە هۆی زیانێکی زیاتر لە نێوان هێزەکانی ئۆکرانیادا.

راشیگەیاند، ئاسۆی درێژکردنەوەی شەڕ و رووبەرووبونەوەکان، پێویستی بە پارەی زیادە هەیە، کە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپای دوودڵ کردووەتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بە ترسەکانی جۆ بایدنیش کردووە، کە بەردەوامبوونی ململانێکان کاریگەری لەسەر چانسی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەبێت، لە ئەگەری پەرەسەندنی ناڕەزایی لە یەکێتیی ئەوروپا و دواجار دەستبەرداربوون لە پشتیوانییەکانی کیێڤ.