ئیلۆن مەسک: بەمزووانە ماڵئاوایی لە لۆگۆکەی تویتەر دەکەین

ئیلۆن مەسک
ئیلۆن مەسک

K24 - هەولێر:

ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و دامەزرێنەری هەردوو کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا و خاوەنی تویتەر ئاشکرایکرد، بەمزووانە ماڵئاوایی لە لۆگۆی تویتەر دەکەن.

مەسک لە تویتێکدا رایگەیاند، وردە وردە ماڵئاوایی لە هەموو باڵندەکانی تویتەر دەکەن.

ئیلۆن مەسک لە تویتێکی دیکە وێنەی پیتی Xـی زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ شتێکی دیکە بدات.

لۆگۆی ئێستای تویتەر، وێنەی باڵندەیەکی بچووکی هاوشێوەی چۆلەکەیە کە لە سەرانسەری جیهاندا بەو لۆگەیە ناسراوە.

مەسک لە دوای کڕینی تویتەر، گۆڕانکاری جۆراوجۆری لەنێو تویتەر ئەنجامداوە، لەوانە دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆری کارمەند، پێدانی (سەحە شینەکە) بە بەکارهێنەرانی تویتەر لەبەرانبەر بڕێك پارەی مانگانە، هەروەها گۆڕینی لۆگۆی تویتەر بۆ ماوەیەکی کاتی لە باڵندەوە بۆ سەگ.

پاش ململانێیەکی یاسایی لەنێوان ئیدارەی تویتەر و ئیلۆن مەسک لەسەر مامەڵەی کڕینی تویتەر، دواجار له‌ 27ـی ئۆكتۆبه‌ری 2022، ئیلۆن مه‌سك، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ناچاربوو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە 44 ملیار دۆلار بکڕێتەوە‌، كه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ 450 ملیۆن به‌كارهێنه‌ری چالاكی هه‌یه‌.