به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی ئه‌لقووش: هاتنی لویس ساكۆ بۆ هه‌ولێر، نیشانه‌ی ناسه‌قامگیری عێراق و ئارامی هه‌رێمی كوردستانه

K24 - هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحییه‌ی ئه‌لقووش رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان هه‌میشه گیانی خۆیان له پێناو مانه‌وه‌ی كریستیانه‌كان به‌خت ده‌كه‌ن. گوتیشی: "هاتنی لویس ساكۆ بۆ هه‌ولێر، نیشانه‌ی ناسه‌قامگیری عێراق و ئارامی هه‌رێمی كوردستانه".
لارا یوسف به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ئه‌لقووش تایبه‌ت بۆ كوردستان24 جه‌خت ده‌كاته‌وه، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان هه‌میشه گیانی خۆیان له پێناو مانه‌وه‌ی كریستیانه‌كان به‌خت ده‌كه‌ن، پێچه‌وانه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵ، كه به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی كۆچكردنیان له‌سه‌ره.
لارا یوسف ده‌شڵێت، هاتنی لویس ساكۆ بۆ هه‌ولێر، نیشانه‌ی ناسه‌قامگیری عێراق و ئارامی هه‌رێمی كوردستانه.
ئاشكراش ده‌كات، ئه‌و كریستیانانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن و ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه، متمانه‌یان به پارێزگاكانی عێراق نییه و ده‌یانه‌وێت له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێ بن.
لارا یوسف گوتی: "هه‌میشه جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه، ناوچه كریستیاننشینه رزگاركراوه‌كان له ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه و ئاسایشه‌وه به‌رگرییان لێ ده‌كرێت و خوێن و گیانی خۆیان له پێناو مانه‌وه و بوونی ئێمه‌دا به‌خت كردووه، به‌ڵام ناوچه‌كانی دیكه‌ی ژێر كۆنترۆڵی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی، تا ئێستاش سه‌قامگیر نییه و هه‌ڕه‌شه‌ی كۆچكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌سه‌ره".
گوتیشی: "ئه‌وه‌ی له عێراق به‌رامبه‌ر كریستیانه‌كان ده‌كرێت پێكه‌نیناوییه، له بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵی هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ ناوچه‌كانیان بدرێت، ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بینین و هێشتا كریستیانه‌كان داوای مافی خۆیان له ده‌وڵه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به نوێنه‌رایه‌تییان له په‌رله‌مان، چونكه ئه‌وان هه‌ست ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی له به‌غدان نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ئه‌وان ناكه‌ن و به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی كۆچكردنیان له‌سه‌ره، بچووكترین نموونه‌ش له‌م دواییه بینیمان كه مه‌رسوومی گه‌وره‌ترین مه‌رجه‌عی كریستیان له عێراق پاتریارك، لویس ساكۆیان كشانده‌وه، ئه‌ی هاووڵاتییه‌كی ئاسایی چۆن ده‌توانێت خۆی له‌به‌رده‌م ئه‌م هه‌ڕه‌شانه بگرێت؟! به‌ڵام هاتنی لویس ساكۆش بۆ هه‌ولێر ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، كه هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته په‌ناگه‌یه‌كی ئارام نه‌ك ته‌نیا بۆ كریستیانه‌كان، به‌ڵكو بۆ ته‌واوی پێكهاته‌كان بووه‌ته لانكه‌ی له‌خۆگرتن و پارێزگاریكردن لێیان".
باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ر به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌وه دوای ساڵی 2003 ژماره‌ی كریستیانه‌كان له نزیكه‌ی ملیۆن و نیوێك ئێستا بوونه‌ته كه‌متر له 250 هه‌زار كه‌س، ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌وانه‌ش كه به‌ره‌و وڵاتانی جیهان كۆچیانكردووه و نیازی گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه، متمانه‌یان به ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق نییه و ده‌یانه‌وێت له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێ ببن.