ئومێد سه‌باح: هیچ بیانوێكمان بۆ حكومه‌تی عێراق نه‌هێشتووه‌ته‌وه و ئیلتیزاماتی خۆمان جێبه‌جێكردووه
K24 – هەولێر:
له‌باره‌ی چاره‌نووسی مووچه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌رچاومان و داواكارییه‌كانمان بۆ به‌غدا روونن، ئیلتیزاماتی خۆمان جێبه‌جێكردووه. گوتیشی: "هیچ بیانوێكمان بۆ حكومه‌تی عێراق نه‌هێشتووه‌ته‌وه".
له‌میانه‌ی به‌شدارییان له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24، كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، دكتۆر ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا، له‌باره‌ی دواخستنی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان بۆ به‌غدا، رایگه‌یاند، له دوایین دانیشتن لایه‌نی عێراقی داوایانكرد رۆژی یه‌كشه‌ممه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ به‌غدا، پاشان پێویستیان به‌وه هه‌بوو كه ده‌ره‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی پێشوو پیشانی سه‌رۆكوه‌زیران عێراق محه‌ممه‌د شیاع سوودانی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاویان روون بێت و دووباره له‌گه‌ڵ ئێمه دابنیشنه‌وه.
سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران راشیگه‌یاند، هه‌ركات لایه‌نی به‌غدا ئاماده بن، ئێمه ده‌گه‌ڕێینه‌وه به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی مووچه و شایسته داراییه‌كان بدرێت.
ده‌شڵێت: "سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی هه‌ر له سه‌ره‌تای كاركردنی كابینه‌كه‌یه‌وه، پێی باش بوو كه ده‌بێت باشترین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت".
باسی له‌وه‌شكرد، دوو خاڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو شاندنی هه‌رێمی كوردستان كاری له‌سه‌ر كرد، یه‌كه‌میان، نابێت سازش له‌سه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كان بكه‌ین و پارێزه‌ری مافه ده‌ستوورییه‌كانمان بین، خاڵی دووه‌م، له یاسای بودجه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان ماف و ئه‌رك هه‌یه، ناكرێت ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ئه‌رك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكرێت، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌واوی واجیباتی خۆمان ئه‌نجام دابێت، ده‌بێت ته‌واوی مافه‌كانمان وه‌ربگرین، ئێمه به گوێره‌ی ئه‌و دوو ستراتیژییه‌ته كاره‌كانمان كردووه، هه‌روه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ شانده‌كه‌مانی دیاریكردووه.
له‌باره‌ی پابه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌و رێككه‌وتننانه‌ی كه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان واژۆیان كردووه، ئومێد سه‌باح ده‌ڵێت: "هیچ بیانوێكمان بۆ حكومه‌تی عێراق نه‌هێشتووه‌ته‌وه، له‌و ئه‌ركانه‌ی كه له‌سه‌ر ئێمه بوون، راده‌ستكردنه‌وه‌ی نه‌وته، جیا له راده‌ستكردنه‌وه‌ی داهاته نانه‌وتییه‌كان، پابه‌ندبووین پێوه‌یان و كه ئه‌مه له به‌هێزی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه".
گوتیشی: "له 25ـی شه‌شه‌وه، رۆژانه په‌نجا بۆ شه‌شت هه‌زار به‌رمیل نه‌وتمان راده‌ست كردووه، له دواین كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌مه به فه‌رمی چه‌سپێندراوه".
روونیشیكرده‌وه، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی پێدراوه و رۆژانه له‌سه‌ر هێڵ بووه له‌گه‌ڵمان.
له‌باره‌ی داهاته نانه‌وتییه‌كانه‌وه، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ڵێت: "تائێستا پێناسه‌ی داهاته نانه‌وتییه‌كان نه‌كراوه، ئێمه پارێزگا نیین، هه‌رێمین و قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستوورین، ده‌ستوور جیای كردووه‌ته كه مامه‌ڵه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ پارێزگاكان چۆن ده‌بێت و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانیش چۆن ده‌بێت".
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، قۆناغی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ئێستادا زۆر گرنگ و سه‌خته و دووباره خه‌ریكی دامه‌زراندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی موئه‌سه‌ساتین له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ره‌نگه سه‌ره‌تاكه‌ی سه‌خت بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌ند مانگی داهاتوودا به‌شێوه‌ی سیتماكی به‌ڕێوه‌بچێت.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له ئێستادا نه‌فه‌سێك له به‌غدا هه‌یه، كه به‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن، بۆیه ئومێدم هه‌یه كه بگه‌ین به رێككه‌وتن، ئه‌گه‌ر نه‌شگه‌ین به رێككه‌وتن، بۆ میلله‌تی خۆمان باسی ده‌كه‌ین.
جه‌ختی كرده‌وه، ده‌ره‌نجامی گفتوگۆكان ئه‌وه‌یه كه هیچ شتێك ته‌حه‌موولی دواخستن ناكات، عێراق ناتوانێ له‌وه زیاتر مافه‌كانی ئێمه دوابخات.
باسی له‌وه‌شكرد، دابینكردنی كۆی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم، له‌سه‌ر به‌غدا ئیلتیزامه، ئێمه‌ش داكۆكی له مافه‌كان ده‌كه‌ین.