رۆژنامەیەک: ئەمەریکا ژمارەی سەربازەکانی لەسووریا بۆ هەزار و 500 سەرباز زیاد کردووە

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی سووری بڵاویکردەوە کە ئەمەریکا بەردەوامە لە بەهێزکردنی هێزەکانی لە ناوچە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، دەشڵێت، سەربازەکانی بۆ نزیکەی هەزار و 500 سەرباز زیاد کردووە.

رۆژنامەی "ئەلوەتەن"ی سووری بڵاویکردەوە، "بەرەبەیانی رۆژی شەممە، کاروانێکی سەربازی نوێ لە رێگەی دەروازەی نایاسایی ئەلوەلیدەوە هاتۆتە ناو خاکی سوریاوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاروانەکە 20 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لەخۆگرتووە، کە کەرەستەی لۆجستی و سندوقی داخراو و بلۆکی چیمەنتۆیان هەڵگرتووە، دواتر بەرەو بنکەکانیان لە لادێکانی حەسەکە رۆیشتوون".

رۆژنامەکە جەختی لەوەکردەوە، "ئەمەریکا بەردەوامە لە بەهێزکردنی پێگەکانی لە رۆژهەڵاتی سووریا، بە هێنانی کەرەستەی سەربازیی زیاتر، کە دواهەمینیان چوارشەممەی رابردوو بوو، کە گەیشتە ئەو شوێنە نەوتییانەی سووریا کە واشنتن داگیری کردووە، هەروەها ژمارەی سەبازەکانیشی بۆ هەزارو 500 سەرباز لە سووریا زیاد کردووە.