بەهۆی شۆفێریکردن لەژێر کاریگەری مەی؛ وەزیرێکی نیوزلەندا دەستی لەکارکێشایەوە

کیلی ئالان
کیلی ئالان

K24 - هەولێر:

وەزیری دادی نیوزلەندا شەوی رابردوو تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو و دواتر کە دەرکەوت کە لەژێر کاریگەری مەیدا شۆفێری کردووە، راستەوخۆ دەستی لەکارکێشایەوە.

کیری ئالان، وەزیری دادی نیوزلەندا کە تەمەنی 39 ساڵە، تۆمەتبار کراوە بە لێخوڕینی بێباکانە و بەرەنگاربوونەوەی هێزە ئەمنییەکان.

ئەو چوارەم وەزیرە لە کابینەکەی کریس هیپکینز، سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا کە لە مانگی ئازارەوە واز لە پۆستەکەی دەهێنێت، ئەمەش پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەم.

بە گوێرەی هەواڵێكی کەناڵی BBC، رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە و هیچ زیانێکی گیانی تێدا تۆمار نەکراوە.

کیری ئالان دوای دەستگیرکردنی، بۆ چەند کاتژمێرێک لە بنکەی پۆلیس رادەگیرێت و دواتر ئازاد دەکرێت.

سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دادی کابینەکەی، گوتی: ئەو تێگەیشت مانەوەی لە پۆستێکی وەزاریدا ناکرێت بەردەوام بێت، بەتایبەتی کاتێک کە پۆستی وەزیری دادی پێدراوە و بە پێشێلکردنی یاسا تاوانبار کراوە.

وەزیری دادی نیوزلەندا کە مانگی رابردوو لە هاوژینەکەی جیابوویەوە، رایگەیاند، کارەکانم دەریدەخەن، من باش نیم. ئاماژەی بەوەشدا، داهاتووی خۆی لە سیاسەتدا لەبەرچاو دەگرێت.