میسان...هێزێکی ئەمنی دەکەونە بۆسەیەکی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە میسان رایگەیاند، هێزێکی ئەمنی کەوتوونەتە بۆسەیەکی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، کە لە ئەنجامدا چوار کەس لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاند، "هێزێکی ئەمنی سەر بە ماددەی هۆشبەرەکانی میسان، درەنگانی شەوی رابردوو، لە قەزای قەڵات ساڵح، لە پارێزگای میسان، کەوتوونەتە بۆسەیەکی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەوە، راستەوخۆ رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، کە لە ئەنجامدا چوار کەس لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزە ئەمنیەکان لە ئەرکدا بوونە بە مەبەستی دەستگیرکردنی ئەو بازرگانانەی ماددە هۆشبەرەکان کە بۆسەیان بۆ داناون"، دەشڵێت: تاوانباران دوای کۆتایی هاتنی پێکدادانەکە بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
لە ناسریە ناوەندی پارێزگای زی قار، لە باشووری عێراق، بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە سەنتەری پارێزگاکە ئۆپەراسیۆنێکییان بۆ دەستگیرکردنی دوو بازرگانی مەترسیداری ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامدا، کە نیو کیلۆ ماددەی هۆشبەریان پێبووە، هاوکات دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و فیشەکی ئەو بازرگانانە داگرت.
راشیگەیاند، " راگرتنی ئەو دوو بازرگانە، تاوەکو لێکۆڵینەوە لەسەر بنەمای بڕگەکانی مادەی 28ی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان ژمارە 50ی ساڵی 2017 یە".