بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەک لە سوودان نۆ کەس گیانیان لەدەستدا
K24 - هەولێر
فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئیتنۆڤ کە سەر بە سوپای سوودانە لە فڕۆکەخانەی پۆرتسودان کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا کە چواریان سەرباز بوون.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی سوودان، فڕۆکەکە دوای هەڵفڕینی لە فڕۆکەخانەی پۆرتسودان بەهۆی تێکچوونی کارکردنی تەکنیکییەوە کەوتۆتە خوارەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بە مردنی سەرجەم کارمەندانی فڕۆکەکە دەکەن، هاوکات لەلایەن بەرگری شارستانییەوە ئاگری فڕۆکەکەیان کوژاندووەتەوە.
دواتر سوپای سوودان لە راگەیەندراوێکدا، پشتڕاستی کردەوە کە لەکەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە کە چواریان سەرباز بوون، هاوکات منداڵێکیش لە ڕووداوەکە رزگاری بووە.
سوپای سوودان ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەکە کە فڕۆکەیەکی جۆری ئەنتۆنۆڤ بووە و لە کاتی بەرزبوونەوەیدا تێکچووە، دواتر کەوتووەتە خوارەوە.