سوودانی: حکومەتی عێراق جددیە لە پاراستنی هەموو باڵیۆزخانەکان

محەممەد شیاع سوودانی
محەممەد شیاع سوودانی

K24 - هەولێر:

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک دیپلۆماتکار و نوێنەری وڵاتان دووپاتی کردەوە، کە حکومەتی عێراق جددیە لە پاراستنی هەموو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدا، سوودانی پێشوازی لە باڵیۆز و نوێنەری نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە یەکێتی ئەوروپا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە کرد.

لەو دیدارەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستی رەتکردنەوەی گوتاری رق و کینە و توندڕەوی کردەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کردەوەی هاوشێوە سووتاندنی کۆپیەکی قورئان لە سوید، دەبنە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵگا، ئەمە جگە لەوەی دەستدرێژییەکە کە هیچ پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە نییە.

سوودانی راشیگەیاند، حکومەت جددیە لە پاراستنی هەموو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا.

دوای ئەوەی پەنابەرێکی بە رەگەز عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید چەند جارێک قورئانی پیرۆزی سووتاند، لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە بەغدا هێرشیان کردەسەر باڵیۆزخانەی سوید و بەشێکی باڵیۆزخانەکەیان سووتاند، دواتریش حکومەتی عێراق بە فەرمی داوای لە باڵیۆزی سوید کرد عێراق جێبهێڵێت، هەروەها باڵیۆزی عێراقی لە سوید کشاندەوە و هەرێمی کوردستانیش نوێنەرایەتی خۆی لە سوید هەڵپەسارد.