پارتی بۆ گۆڕان: جەخت لە هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان دەکەینەوە
K24 - هەولێر
مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە رێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانیی بزووتنەوەکە دەکات و ئاماژە بەوە دەدات: "لەم بۆنەیەدا ڕۆڵی بزووتنەوەکەتان لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەرز دەنرخێنین، هەروەها دووبارە جەخت لە هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان دەکەینەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی تەممووزی 2023، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی 14ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پیرۆزبایی لە رێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانیی ئەو بزووتنەوەی کرد و ئەوەی خستووەتەڕوو، "بە بۆنەی (14)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەتان دەکەین و، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان."
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەم بۆنەیەدا، مەکتەبی سیاسی پارتی، "ڕۆڵی بزووتنەوەی گۆڕان لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت" و هەروەها دووبارە جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان."
مەکتەبی سیاسی پارتی هیوادارە "هەموو لایەنەکان دڵسۆزانە و بەرپرسانە هەنگاوبنێن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی هەماهەنگی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ڕۆشن و شایستە بۆ گەلەکەمان."
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتى كوردستان
برووسکەی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان
بۆ (14)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان
بەڕێزان ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان.
بە بۆنەی (14)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەتان دەکەین و، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
لەم بۆنەیەدا ڕۆڵی بزووتنەوەکەتان لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەرز دەنرخێنین، هەروەها دووبارە جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان.
هیوادارین هەموو لایەنەکان دڵسۆزانە و بەرپرسانە هەنگاوبنێن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی هەماهەنگی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ڕۆشن و شایستە بۆ گەلەکەمان.
دووبارە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەکەتان پیرۆز بێت، هەر سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتى كوردستان
25ـی 7ـی 2023