ئیخڵاس دلێمی: گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا ئەرێنین
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق رایگەیاند: گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پرسە داراییەکان و بودجە لە کەشێکی تەواو ئەرێنیدا بەڕێوە دەچن. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هەردوولا لەسەر بنەما گشتییەکان رێککەوتوون و پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخی داڕشتنی دەقە هاوبەشەکان.
سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەیەکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ، چەندین پرسی هەستیار و تەوەرەی گرنگ تاوتوێ کران، لەوانە: دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران، داهاتە نانەوتییەکان، پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان، لەگەڵ تەرخانکردنی خەرجییە بەکاربەر و وەبەرهێنانەکان.
دلێمی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەردوولا لەسەر بنەما سەرەکی و چوارچێوە گشتییەکان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش ئێمە لەسەر بنەماکان تەواو هاوڕاین، ئێستا گفتوگۆکان تەنیا لەسەر چۆنیەتیی داڕشتنی دەقە یاساییەکان و رستەسازیی بڕگەکانە، سروشتی دانوستانەکانیش لەم قۆناخەدا بە جۆرێکە کە هەڵبژاردنی دەستەواژەکان پێویستی بە وردبینی و تاوتوێکردنی بەردەوام هەیە.
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە، رێککەوتن کراوە تەواوی بەرهەمهێنانی راستەقینەی نەوتی هەرێم رادەستی عێراق بکرێت، هەروەها پێشبینی ناکرێت هیچ جۆرە بەربەستێک لە بەردەم ئەم پرسەدا دروست ببێت و بەغداش لە ئاستی داڕشتنی دەقەکاندا بە شێوەیەکی ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات.
هەر لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئیخڵاس دلێمی باسی لە کەشی ئەرێنیی کۆبوونەوەکانی نێوان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و روونی کردەوە، دانیشتنەکان لە کەشێکی تەواو برایانە و دوور لە هەر گرێیەکی سیاسی بەڕێوە چوون، زەیدی دڵنیایی تەواوی داوە کە حکومەتی فیدراڵ رێگە نادات هیچ ناکۆکییەک لەسەر بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم دروست ببێت.
سەبارەت بە هەواڵی گەڕانەوەی شاندەکەش بۆ هەولێر، دلێمی روونکردنەوەی دا کە شاندە تەکنیکییەکە بە مەبەستی راوێژ و هەماهەنگی بۆ هەرێم گەڕاوەتەوە، بەڵام لەوانەیە دووسبەی جارێکی دیکە بگەرێتەوە بۆ بەغدا و بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ.
هاوکات ئاشکرای کرد، لەو نزیکانە لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە، بە مەبەستی ئەوەی سەرجەم دەقەکان کە رێککەوتنیان لە بارەوە کراوە بە فەرمی پەسەند بکرێن.
هەر ئەمڕۆ دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وزاریی عێراق بەردەوامە؛ لەسەر بنەمای ئەو هێڵە سەرەکییانەی دوێنێ لە کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی دیاریکران، رێککەوتنی زۆر باش لە بەرژەوەندیی هەردوولا کراوە.
دوێنێ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و گەیشتوونەتە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە.