حکوومەتی عێراق تەنیا 19%ـی پێویستی نەوتی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری داوە 50 ملیۆن لیتر نەوتی ماڵان و 760 تۆن گازی شلی بە هەرێمی کوردستان بدات، بەمەش دوای تەواوکردنی رێکارەکانی نێوان پارێزگاکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەر پارێزگایەک راستەوخۆ دەتوانێت لە عێراقەوە بەشە نەوتی خۆی وەربگرێت، هاوکات ئەو بڕە نەوتەی حکوومەتی فیدراڵ بە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی دەدات، تەنیا 19%ـی ئەو بڕە پێویستەیە کە داواکراوە.

فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند، رێکارە ئیدارەییەکان بۆ هێنانی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ماڵان و 760 تۆن گازی شل لە عێراق دەستیپێکردووە و ئەگەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی تەندەری کۆمپانیاکانی هێنانەوەی نەوت و گاز بە زوویی یەکلایی بکەنەوە، لە چەند رۆژێکی کەمدا پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێدەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گوتیشی: تا ئێستا تەنیا پارێزگای دهۆک نووسراوی فەرمی و تەندەری کۆمپانیای راسپێردراوی هێنانەوەی بەشە نەوتی پارێزگاکەی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ناردووە و چاوەڕوانن بەم نزیکانە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجەش بە هەمانشێوە تەندەری کۆمپانیا راسپێردراوەکانیان بۆ هێنانەوەی بەشە نەوتی پارێزگاکانی بۆ وەزارەت بنێرن، بۆ ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات.

فەلاح سەید مەولوود ئاماژەی دا، ساڵانە لە مانگی ئابەوە نووسراو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەکەن بۆ نەوتی ماڵان و بۆ ئەمساڵیش داوای 268,710,600 لیتر نەوتی سپی ماڵانیان کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق پێی راگەیاندوون، ئەم بڕە ئامادە نییە، بۆیە 50 ملیۆن لیتر دەنێرن، واتە 19%ـی ئەو نەوتە دەنێرن، کە پێویستە بە خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.

هەروەها روونیکردەوە ئەو برەی هەرێمی کوردستان داوای دەکات لەسەر بنەمای ئاماری خێزانە لە پارێزگاکان کە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەینێرن و بەگوێرەی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان 1,343,553 خێزان هەن کە بۆ هەر خێزانێک بڕی 200 لیتر نەوت دیاریکراوە، هاوکات بەو بڕەی عێراق دەینێرێت، 50 ملیۆن لیتر نەوتەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوی و کوێستانییەکان دابەش دەکرێت:

پشکی پارێزگاکان بەمشێوەیە:

پارێزگای سلێمانی: +19 ملیۆن لیتر

پارێزگای هەولێر:+18 ملیۆن لیتر

پارێزگای دهۆک: +11 ملیۆن لیتر

پارێزگای هەڵەبجە: 1.2 ملیۆن لیتر

سەبارەت بە گازی شل، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گوتی: حکوومەتی عێراق رەزامەندیداوە لەسەر ناردنی 760 تۆن و دوای دیاریکردن و راسپاردنی کۆمپانیای گواستنەوەی گازەکە، پرۆسەی گواستنەوە و دابەشکردن دەستپێدەکات.

پشکی پارێزگاکان بەمشێوەیە:

سلێمانی و هەڵەبجە: 260 تۆن

هەولێر: 300 تۆن

دهۆک: 200 تۆن