بەشێک لە وڵاتانی جیهان بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما سووتاون

K24 - هەولێر
شەپۆلێکی گەرمای بەهێز وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە، لە هەندێک وڵات رووداوی ئاگرکەوتنەوە و زیانێکی زۆری بە مرۆڤ گەیاندووە،هەروەها پلەکانی گەرما لە وڵاتانی باکووری تا 49 پلەی سەدی تۆمارکراوە، هەروەها لە رۆژانی رابردوودا دارستانەکانی تونس بەهۆ بەرزی پلەی گەرمییەوە ئاگری گرتبوو.
وڵاتانی ئەوروپا لە دۆخێکی باشتردا نین، ئەوان بەدەست کاردانەوەکانی قەیرانی کەشوهەوا و ئاگرکەوتنەوە دەناڵێنن، وەک چۆن کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان هۆشداریدا لەوەی یۆنان بە هاوینێکی سەختدا تێدەپەڕێت.
دەسەڵاتدارانی جەزائیر، رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، کاردەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرە وێرانکەرانەی کە هێشتا ماون و کۆنتڕۆڵ نەکراون کە بەهۆیەوە لانیکەم 34 کەس گیانیان لەدەستداوە کە دوویان سەرباز بوون، ئاماژەیان بەوەشدا، کە تا ئێستا توانیویانە لەسەدا ٨٠ی ئاگرەکان بکوژێننەوە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە تونس بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان، ڕۆژی سێشەممە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرێکی بەرفراوان لە تەبارکا و جەبەل مەلولە، لە ویلایەتی جندۆبا لە ڕۆژئاوا و ناوچەکانی دیکە، ئەمەش دوای ئەوەی پلەی گەرما بەرزبوونەوەی پێوانەیی و بێ وێنەی تۆمارکردبوو.
گوتەبێژی پاراستنی شارستانی موعز ترێیاش رایگەیاندووە، ئاگرەکە لە فڕۆکەخانەی تەبەرکا نزیک بووەتەوە.
گوتەبێژەکە پاراستنی شارستانی موعز بە ئاژانسی رۆژنامەوانی ئەڵمانیای راگەیاند، 156 کەس کە کێشەی هەناسەدانیان هەبوو، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی هەرێمی لە تەبەرکە، هەروەها سوپا زیاتر لە 300 کەسی لە گوندی مەلولا لەودیو دەریاوە گوستووەتەوە.
تونس لە سەرەتای ئەم مانگەوە شەپۆلێکی گەرمای توندی بەخۆیەوە بینیوە، کە گەیشتە لوتکە و پلەکانی گەرما گەیشتە نزیکەی 50 پلە، پەیمانگای کەشناسی، پێشبینی کردووە پلەکانی گەرما بە هەمان ئاست بەردەوام بن، پێش ئەوەی لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دابەزینێکی بەرچاو تۆماربکرێت.
دەزگای نیشتمانی ئاو و دارستانەکان لە مەغریب، کە دامەزراوەیەکی حکومییە پەیوەندی بە ڕووپۆشی دارستانەکانەوە هەیە رایگەیاند، کە ژمارەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لەسەر ئاستی نیشتمانی تۆمارکراون لە یەکەمی مانگی یەکی ساڵی رابردووەوە تا دەیەمی تەمموزی ئەمساڵ 182 ئاگرکەوتنەوە کە هەزارو251 هێکتاریان گرتووەتەوە.
لە راگەیەندراوێکی ئاژانسەکەدا هاتووە کە ئامێری چاودێری و دەستێوەردانەکەی هێشتا لە بەرزترین ئاستیدایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕۆژانی داهاتوو ئەو قۆناغانەن کە زۆرترین مەترسی بۆ ئاگرکەوتنەوە هەیە.
کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، هۆشداریدا لەوەی یۆنان بە هاوینێکی سەختدا تێدەپەڕێت و بەدەست کاردانەوەکانی قەیرانی کەشوهەوا دەناڵێنێت، بەهۆی ئەو ئاگرکەوتنەوە سەختانەی کە بەهۆی شەپۆلی گەرما و با بڵاوبووەتەوە، گوتیشی: بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکان هەمیشە قورس دەبێت، چونکە ئێمە بە کاردانەوەکانی قەیرانی کەشوهەوادا دەژین، مەزەندەی کردووە کە لە داهاتوودا دۆخەکە خراپتر دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی زیاتر و بای بەهێزتر.