کوردستان24 پرسێکی هەستیار لە کۆمپانیای نەوتی باکووری کەرکووک دەورووژێنێت
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە وەڵامی بەدواداچوونێکی کوردستان24 سەبارەت بە کەمیی رێژەی فەرمانبەرانی کورد لە کۆمپانیای نەوتی باکوور هاتە دەنگ و رایگەیاند، سەردانی کۆمپانیاکە دەکەن بۆ تاوتوێکردنی ئەو نادادییەی لە دابەشکردنی هەلیکاردا هەیە.
بەدواداچوونەکەی کوردستان24 ئاشکرایکردووە کە لە کۆی 15,000 فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور، تەنیا 2%ـی فەرمانبەران کوردن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کورد زیاتر لە 50%ـی دانیشتووانی کەرکووک پێکدەهێنێت. سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک لە رێگەی بەدواداچوونەکەیەوە جەختی لەو جیاکارییە کردووەتەوە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی "راپۆرتەکەی کوردستان24ـمان بینی و ئەو ناهاوسەنگییەی هەیە، لە کاتی سەردانمان بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور تاوتوێی دەکەین. ئەو راپۆرتەی ئێوە بنەمای هەنگاوەکانمانە و بەدواداچوونەکانمان دەریدەخەن ژمارەکان بەو شێوەیەن کە باستان کردووە".
حەسەن مەجید روونیکردەوە، ناهاوسەنگییەکە تەنیا لە ئاستێکی دیاریکراودا نییە، بەڵکو لە دەستەکانەوە تا یەکە ئیدارییەکان، هەموو بەشەکانی کۆمپانیاکە ئەو کێشەیەیان تێدایە.
لەبارەی ئەو دۆخەشەوە، وەستا حەمید جەلال کە هاووڵاتییەکی کەرکووکە و پیشەی نانەوایە رایگەیاند "کورد ئەگەر یەکبگرێت، دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و ناچارن سازش بکەن"، لەبارەی جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140 گوتی " یەکڕیزنین بۆیە بێمنەتن بەرامبەر ئێمە.”