وەزارەتی ناوخۆ: ئەمساڵ حەفت هەزار کەس لەسەر ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد، کە لە ماوەی ئەمساڵدا بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزا دراون.

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە بەرێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان، عەمید موهەند حاتەم، بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند،"وەزارەتی ناوخۆ ستراتیژێکی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە چەند میحوەرێکی لەخۆدەگرێت، لەوانە یەکێکیان هاوکاری نێودەوڵەتییە و ئەوەی دیکە ناوخۆییە، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی خواست لەسەر ماددە هۆشبەرەکان و نەهێشتنی بەڵای ماددە هۆشبەرەکان".

دەشڵێت: "لە ئێستادا نزیکەی حەفت هەزار دەستبەسەرکراومان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، کە تۆمەتەکانیان لە بازرگانیکردنەوە دەستپێدەکات تا سووکایەتیکردن"، جەختیشی لەوە کردەوە، کە چوار هەزار کەس لە ماوەی ئەمساڵدا سزای کەرەستەی جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێنراوە، لەو ژمارەیە هەزار و 500 کەسیان لە دۆسیەکانی بازرگانیکردن بە ماددەکاندا سزا دراون".

گوتیشی: "دوای کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان، کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، پەیوەندییەکی زۆرباش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێکان هەبوو، هەروەها وڵاتان ئاڵوگۆڕی خاڵە هاوبەشەکانیان کرد، جگە لەوەش یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ سعودیە و ئێران و کوەیت واژۆ کردووە و چالاک کراوە، هەروەها یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە ژێر واژۆکردن لەگەڵ ئوردن، سووریا و  تورکیا هەیە.

حاتەم ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە و رادەستکردنەوەی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لەنێوان عێراق و وڵاتانی دیکەدا هەیە، ناوبەناویش رادەگەیەنرێت کە دەست بەسەر ماددە هۆشبەرەکاندا گیراوە، جا چ لە فڕۆکەخانەی هەولێر، یان بەغدا، یان بەندەرەکانی دیکە بێت، لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان، جا لەگەڵ لوبنان یان سووریا یان ئوردن بێت.

راشیگەیاند، "زۆر حاڵەت هەیە بەپێی ماددەی 40 لە یاسای ژمارە 50ی ساڵی 2017 تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، کە تێیدا هاتووە هەرکەسێک بە تەنیا داواکاری بۆ مەبەستی چارەسەرکردن لە هەندێک کلینیکی تایبەت بە چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی بکات، بەرپرسیار نییە لە رووی تاوانەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەنجومەنی دادوەری پاڵپشتی یەکەکانی لێکۆڵینەوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانمان دەکات بە دەرکردنی سزا، لەوانەش سزای لەسێدارەدان، دژی بازرگانێک لە بابل، چونکە تۆمەتبار بە بازرگانیکردن لە مەرجەکانی ئازادکردنی مەرجداردا ناگرێتەوە".