بایدن داوا لە حکومەت دەکات بەڵگەی تاوانەکانی جەنگی رووسیا رادەستی دادگای لاهای بکەن
K24 - هەولێر
بەگوێرەی بلومبێرگ، بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد، کە جۆو بایدن داوای لە حکومەتەکەی کردووە بەڵگەی سەلماندنی تاوانەکانی جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا لەگەڵ دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی لە لاهای هاوبەش بکەن.
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی رایگەیاندووە، لە ساڵی رابردووەوە کاردەکات بۆ بە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی جەنگ، کە لەلایەن هێزەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا ئەنجامدراون، دەشڵێت: جۆو بایدن داوای لە حکومەتەکەی کردووە بەڵگەی سەلماندنی تاوانەکانی جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا، رادەستی دادگای لاهای بکەن.
بەرپرسانی پێنتاگۆن ئامادە نەبوون زانیاری هەواڵگری سەبارەت بە تاوانەکانی جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا راستەوخۆ لەگەڵ لاهای هاوبەش بکەن و دەڵێن، لەوانەیە رێگە بۆ دادگاکە بکاتەوە کە دۆسیە دژی هێزەکانی ئەمەریکا بکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لە شاری ویلنگتۆنی نیوزلەندا گوتی: ئێمە پشتگیری لە لێکۆڵینەوەکانی دادگای نێودەوڵەتی دەکەین، هاوکاریان دەبین لەگەڵیدا.
لای خۆیەوە گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، ئادریان ئاتسۆن، ئاشکرای کرد: لە سەرەتای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سەرۆک بۆی روون بووەتەوە، کە ئەوانەی تاوانی جەنگ و دڕندەیی لە ئۆکرانیا ئەنجام دەدەن و ئەوانەی هاوکاریان دەکەن، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەبارەت بە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، ئێمە باس لە هیچ وردەکارییەک ناکەین سەبارەت بە هیچ هاوکارییەک، ئەمەش لەگەڵ پراکتیکی دادگاکەدا یەکدەگرێتەوە کە بە نهێنی مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی هاوکاریکردن دەکات".
وە لە ساڵی 2022 دەسەڵاتی دادوەری ئەوروپا تیمێکیان پێکهێنا بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش و کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانە گوماناوییەکانی رووسیا کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی دادگای نێودەوڵەتی.