کۆشکی سپی: هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیا بەپێی پێویست خێرا نییە
K24 - هەولێر
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دەدات، هێرشی ئۆکرانیا لە دژی رووسیا نەگەیشتووەتە خاڵی وەستان، بەڵام بەپێی پێویستیش خێرا بەرەوپێش نەچووە.
جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە کۆشکی سپی سازی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا بۆ سەر هێزەکانی رووسیا کرد.
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی کە ''پێتان وا نییە هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا دژبە رووسیا بە هێواشی بەرەوپێش ناچێت؟'' گوتی: ''سەرۆکی ئۆکرایناش باسی لەوە کرد، پرسەکە بەپێی خواستی خۆیان بەخێرایی بەرەوپێش ناچێت. وەک ئەوەی دەیخوازن بەرەوپێش ناچێت''.
کێربی ئەوەشی خستەروو، ئەمەریکا لەو رووەوە هیچ ناکات و گوتی: ''بەڵام ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکات، ئەمە خاڵی وەستان نییە''.
جۆن کێربی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، تا ئەمڕۆ ئەو داواکارییەی ئۆکراینایان بۆ هاوکاری بەجێگەیاندووە و واشنتۆن بەردەوام دەبێت لەسەر دابینکردنی گشت پێداویستییەکانی ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە.
لەلایەکی دیکەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا لە 23ی تەمووزدا، باسی لەوە کرد، ئۆکرانیا نیوەی خاکەکەی لە رووسیا وەرگرتووەتەوە و ئەم هێرشە پێچەوانەیە هێشتا سەرەتایە و لە چەند مانگێدا دەرەنجامەکەی دەردەکەوێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازیی 400 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکرانیا ئاشکرا کرد. پێنتاگۆن ئەوەی خستەڕوو، پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازیی دەدرێتە ئۆکرانیا و لە چوارچێوەی ئەم پاکێجەشدا بۆ یەکەم جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "Hornet" دەدرێتە ئەو وڵاتە. هەروەها پاکێجەکە تەقەمەنیی سیستمی بەرگری ئاسمانی، تۆپهاوێژ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، لەخۆدەگرێت.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا و تا ئێستا، ئەمەریکا بە گوژمەی 41 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازیی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە. کۆتا جاریش لە 19ی تەمووزدا پنێتاگۆن پاکێجێکی 1.3 ملیار دۆلاری بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا راگەیاند.