تەقینەوەیەک لە نزیک دیمەشق کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

شوێنی رووداوەکە - وێنە: ئاژانسەکان
شوێنی رووداوەکە - وێنە: ئاژانسەکان

K24 – هەولێر:

بەهۆی تەقینەوەیەک لە شارۆچکەی سەییدە زەینەب لە نزیک دیمەشق، پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و 26 کەسی دیکەش برینداربوون.

رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، ئاژانسی هەواڵەکانی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو "لە نزیک بنکەیەکی سەربازی گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران" لە ناوچەی سەییدە زەینەب لە دیمەشق کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی سووریاش لەو رووداوەدا،، پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 26 کەسی دیکەش برینداربوون کە ژمارەیەکیان منداڵن.

لەلایەن خۆیەوە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، ئەو تەقینەوەیە هاوکات بووە لەگەڵ زیندووکردنەوەی یادەکانی عاشوورا.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی 25ـی ئەم مانگە ماتۆڕسکیلێک لە هەمان ناوچەی سەییدە زەینەب تەقیەوە و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون.

شارۆچکەی سەییدە زەینەب 10 کیلۆمەتر لە باشووری شاری دیمەشقەوە دوورە و دانیشتووانی ناوچەکە زۆرینەیان شیعە مەزهەبن.

بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە، دیمەشقی پایتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری چەندین تەقینەوەی بەهێزی بەخۆیەوە بینوە بەڵام لە ساڵی 2018ـەوە ئەو رووداوانە کەمتربوونەتەوە، بەهۆی کۆنترۆڵکردنی زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعش لەلایەن هێزە سوورییەکانەوە.

هاوکات لە مانگی ئایاری رابردوو، رێکخراوی داعش بەرپرسیاریەتی تەقینەوەیەکی لە یەکێک لە بەشەکانی پۆلیسی دیمەشق راگەیاند کە بووە هۆی کوژرانی دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی چوار پۆلیسی دیکە.

لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵیش، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لەناو ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دیمەشق، برینداربوونی دوو کەسی لێکەوتەوە.