هەواڵگری ئەمەریکا: چین تەکنەلۆژیای سەربازی بۆ رووسیا دابین دەکات
K24 - هەولێر
لە ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمەریکادا هاتووە، چین یارمەتی رووسیا دەدات بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی رۆژئاوا و پێدەچێت تەکنەلۆژیای سەربازی بۆ مۆسکۆ دابین بکات بۆ ئەوەی لە ئۆکرانیادا بەکاری بهێنێت.
فەرمانگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی ئەمەریکا لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، "کۆماری گەلی چین بەشێک لەو تەکنەلۆژیاییە دابین دەکات کە سوپای مۆسکۆ بۆ درێژەدان بە شەڕی ئۆکرانیا بەکاریدەهێنێت، سەرەڕای گەمارۆدانی نێودەوڵەتی بۆ سزاکان و سنووردارکردنی هەناردەکردنی رووسیا".
چین لە دوای شەڕی ئۆکرانیا لە شوباتی 2022ەوە چەندین جار رەتیکردووەتەوە کە کەرەستەی سەربازی بۆ رووسیا رەوانە بکات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "تۆمارە گومرگییەکان دەریدەخەن کە کۆمپانیاکانی بەرگریی لە چین ئامێری شێواندن و تەکنەلۆژیا و پارچەی یەدەگی فڕۆکە جەنگییەکان دەنێرن بۆ کۆمپانیاکانی بەرگریی رووسیا".
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، چین دوای شەڕی ئۆکرانیا لە ساڵی رابردوودا بووەتە هاوبەشێکی گرنگتر بۆ رووسیا.
راشیگەیاندووە، چین و رووسیا پشکی بازرگانی دوولایەنەیان زیادکردووە، کە بە یوانی چینی یەکلایی بووەتەوە و دامەزراوە داراییەکانی ئەو دوو وڵاتەش بەکارهێنانی سیستەمی پارەدانی ناوخۆیی فراوانتر دەکەن.