ئەرکان بیبانی: حکومەت بە تووندی رووبەڕووی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتەوە
K24 – هەولێر:
ئەفسەرێک لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، رایدەگەیەنێت، بەرێوەبەرایەتی نەهیشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەڵمەتەکانیان بەردەوامن بۆ پشکنینی کافێ و رێستورانتەکان، هەروەها پشکنینی ئەو کەسانەی کە گومانیان لێدەکرێت بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بن یاخود بازرگانی پێوە بکەن، هاوکات گوتیشی: حکومەت بە تووندی رووبەرووی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتەوە.
ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەک بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان زۆر بە جددی کار لەسەر ئەوە دەکەن و بەردەوام دەبن لە هەڵمەت پشکنینی کافێ و رێستورانتەکان و ئەو شوێنانەشی کە گومانی لێ دەکرێت ماددەی هۆشبەری لێبێت.
هاوکات راشیگەیاند، هەڵمەتەکانی پشکنین بۆ بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، بە ئامادەبوونی نوێنەری پارێزگای هەولێر، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و ئاسایشی گشتی ئەنجامدەدرێت.
ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵانی رابردوودا دەستگیرا بەسەر 580 کیلۆگرام لە توتنی نێرگەلە کە تێکەڵکرابوو بە مادەی هۆشبەر، ئەمساڵ تاکوو ئێستا لە هیچ شوێنێک رووینەداوە کە مادەی هۆشبەر تێکەڵ بکرێت بە توتنی نێرگەلە.
ئەو ئەفسەرەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، روونیکردەوە، لەکاتی ئەنجامدانی هەڵمەتی پشکنین بۆ کافێ و رێستورانتەکان، پشکنین دەکرێت بۆ تووتنی نێرگەلە و بۆ کارمەندانی ئەو شوێنەش، "هەروەها زۆر بە جددی هەوڵمانداوە تیشک بخەینە سەر ئەو کەسەی کە دەرمانی نێرگەلە ئامادە دەکات و پشکنینی تەواویان بۆ ئەنجامدەدرێت".
باسی لەوەشکرد: "رێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر زیادی کردووە، هەروەها حکومەت بە تووندی رووبەرووی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان دەبێتەوە".
ئەرکان بیبانی، گوتی: ئەگەر بێت و سەرنج بدەین لە چوارساڵی رابردوودا بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتن بە مادەی هۆشبەر رێژەکە دوو هێندە زیادی کردووە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا زەنگێکی مەترسیدارە و ئەمساڵ هەزار و 212 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر دەستیگیرکراون، هەروەها ئەمساڵ 147 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە".
لەبارەی سزکانی ئەو کەسانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن و بازرگانیشی پێوەدەکەن، ئەو ئەفسەرەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، رایگەیاند، هەرکەسێک بیەوێت بازرگانی بکات بە ماددە هۆشبەرەکان لەناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە پێێ ماددەی 26 سزا دەدرێت کە سزاکەی دەستپیدەکات بە زیندانی هەتا هەتایی، هەروەها پێبژاردنێک لە 15 ملیۆن دینار دەستپێدەکات تاکوو 90 ملیۆن دینار.
راشیگەیاند، ئەگەر کەسێکیش تەنیا بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بێت، ئەوا دەستگیر دەکرێت بە سزادانی زیندانی کردن لە ساڵێک تاکوو 3 ساڵ، هەروەها بە پێبژرادن تاکوو 15 ملیۆن دیناری عێراقی.
ئەرکان بیبانی، دەڵێت: هەرکەسێک بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بێت، کاتێک دەستگیر دەکرێت، شەش مانگ زیاتری پێویستە تاکوو لەشی پاکببێتەوە لە ماددەی هۆشبەر، ئەگەر کەسێکیش دەستگیربکرێت سزاکەی لە سەر و ساڵێک بێت لەو ساڵەدا بە تەواوی لەشی پاک دەبێتەوە، ئەگەر بێت خۆی مەبەستی نەبێت دەتوانێت واز لە مادەی هۆشبەر بهێنێت و بگەڕیتەوە ناو کۆمەڵگاو خێزان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەی کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە کە ئازاد دەکرێت، کاتێک هەست دەکات هێشتا کاریگەری لەسەری ماوە، پێویستە سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕی ماددە هۆشبەرەکان بکات.
رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دوای دەستکەوتنی زانیاری و بەدواداچوونی وورد، دواتریش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، لە 25 و 26ـی تەمموزی 2023، لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا، توانیان چوار بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن".
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەلێردا هاتووە، چوار ئەندامی ئەو باندانەی ماددەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن و بەکاریدەهێنن، بەناوەکانی (ی. ع. م.) و (م. ج. م.) و (د. م. ب.) و (أ. ج. ی.) دەستگیرکراون.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، دەستگیکردنی ئەو چوار تۆمەتبارە لەکاتی کڕین و فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و هیرۆین و حەشیشدا بووە، هەروەها لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، دەستگیراوە بەسەر سەدان کەلوپەلی پایپ بۆ بەکارهێنان و کێشانی ماددەی هۆشبەر و چەکی بێمۆڵەت و بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ، هیرۆین، حەشیش و ماریجوانا.
هاوکات ئاسایشی هەولێر باسی لەوەشکردووە، دوای دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.