هاتووچۆی هەولێر لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک روونکردنەوە دەدات

هاتووچۆی هەولێر
هاتووچۆی هەولێر

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا کامێرایەکی هاتووچۆ سەرپێچی یەک بەدوای یەکی ژمارەیەک ئۆتۆمبێل تۆمار دەکات، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی کاردەکەن و هیچ کارمەندێکی هاتووچۆ کۆنترۆڵی بەسەریانەوە نییە.

هاتووچۆی هەولێر لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، شەوی 28ی تەمووزی 2023، گرتەیەکی ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە تێیدا کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل یەک بەدوای یەک لەسەر چرای سووری ترافیک لایتی مەخمور ناوەستن و کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچیش یەک بەدوای یەک سەرپێچیان بۆ تۆمار دەکات، لە ڤیدیۆکە کەسێک قسە دەکات و دەڵێت ئەوە کەژاوەی دوای مردووێکە و بۆ گۆڕستان دەچن، کەچی کامێرە سەرپێچیان بۆ تۆمار دەکات.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی کاردەکەن و هیچ کارمەندێکی هاتووچۆ کۆنترۆڵی بەسەریانەوە نییە. واتا بە ئۆتۆماتیکی کاردەکەن و وا دیزاین کراون کە سەرپێچی بناسنەوە و تۆمار بکەن، جا بە هەر هۆکار و لەلایەن هەر کەسێک بێت.

روونیشیکردەوە، بەپێی یاسا رۆیشتن لە دوای کەژاوەی مردوو بەحاڵەتی لەناکاو و بەپەلە ئەژمار ناکرێت. بە پێچەوانەوە رانەوەستان لە ترافیک لایت لە کاتی چرای سووردا ئەگەری کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە دەبووایە هەموو ئۆتۆمبێلەکان بۆ پاراستنی خۆیان و هاووڵاتیانی دیکە سەرپێچی نەکەن و لە چرای سوور نەدەن.