جەمال حەسەن: چەند شوێنێکمان بۆ مەلەکردنی هاووڵاتییان لە زاخۆ دەستنیشان کردووە

جەمال حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ
جەمال حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ، ئاشکرایکرد، چەند تیمێکی مەلەزانی جێگیریان لە زاخۆ هەیە لەپێناو پاراستنی گیانی گەشتیاران لە خنکان، هاوکات گوتیشی: تیمەکانمان بە درێژایی رووباری خابوور چاودێری هاووڵاتییان دەکەن.

جەمال حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لە دەسپێکی هاتنی وەرزی هاوین پلانی خۆیان داناوە بۆ رێگری کردن لە خنکانی هاووڵاتییان و هاوکات چەندین رێنماییان دەرکردووە.

هەروەها راشیگەیاند، دووای ئەوەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ژمارەیەک گەشتیار خنکان، بڕیارێکی تایبەت سەبارەت بەم سنوورە دەرکرا کە بە درێژایی رووباری خابووری دوو جێگا دەستنیشانکراوە بۆ مەلەکردنی گەشتیاران، هەروەها مەلەکردن لە شوێنەکانی دیکەی رووبارەکە قەدەغەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، تیمەکانی بەرگری شارستانی زاخۆ لەسەر رووبارەکان جێگیرکراون بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و رزگارکردنی گیانیان لە خنکان، سێ تیمی جێگیر و یەک تیمی گەڕۆکیان داناوە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ، باسی لەوەشکرد، تارادەیەکی باش گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی کاتێک سەردانی زاخۆ دەکەن رێنماییەکان جێبەجێ دەکەن

جەمال حەسەن، گوتی: "تیمەکانمان بە درێژایی رووباری خابوور چاودێری هاووڵاتییان دەکەن.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا 38 کەس لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی خنکان گیانی لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 11 کەسیان لە زاخۆ بوونە، هەروەها سێ کەس لە دهۆک، شەش کەس لە ئاکرێ، 10 کەس لە هەولێر، چوار کەس لە سۆران، یەک کەس لە هەڵەبجە، یەک کەس لە راپەڕین، دوو کەس لە گەرمیان و سێ کەس لە سلێمانی بوونە.

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانییان لە مەلەکردن بە تایبەت لە رووباری خابوور، بە شێوەیەک رۆژ هەبوو چوار کەس لەو رووبارە دەخنکا، بۆیە بڕیاردرا جێگەی تایبەت دەستنیشان بکرێت بۆ مەلەکردن، هەروەها بڕیاردرا لە هەندێک شوێنێش مەلەکردن قەدەغەبکرێت بەهۆی قوڵی شوێنەکە.

لەوبارەیەوە موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ، بۆ کوردستان24، گوتی: "لەوەتەی ئەم بڕیارە دەرچووە و جێگەی خۆشحاڵییە کە لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا هیچ حاڵەتێکی خنکان رووینەداوە، شوێنی تایبەتیش بۆ مەلەکردن دروستکراوە".

Fly Erbil Advertisment