کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانێتییەکانی درێژکردەوە
K24 - هەولێر
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی درێژکردەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 30ـی تەممووزی 2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، وادەی تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بۆ 6ـی مانگی داهاتوو (ئاب) درێژکردەوە.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەش دا، لەسەر داوای بەشێک لە حزب و سیاسییەکانی عێراق وادەکەیان درێژکردووەتەوە و دەیانەوێت دەرفەتی زیاتر بە لایەنە سیاسییەکان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن، هەر بۆیە ماوەکەیان بۆ هەفتەیەکی دیکە درێژکردووەتەوە.
غەلای هەروەها ئەوەی خستەڕوو، لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و بەتایبەت ئەوانەی بڕیاریانداوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بکەن و دەیانەوێت هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێ کەموکورتی بەڕێوەبچێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی شەممە 1ـی تەممووزی 2023ەوە دەرگای بەڕووی حزب و هاوپەیمانێتییەکاندا کردبووەوە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تۆماربکەن و ئەمڕۆ وادەکە کۆتایی دەهات.
پێشتر گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، تا ئێستا نزیکەی 280 حزبی سیاسی و 24 هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردووە. گوتیشی، لەو 24 هاوپەیمانێتییەی تۆمارکراون، 15یان نوێن و 9ـی دیکەشیان کۆنن.
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و 285 کەس بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێردرێن. هەڵبژاردنەکە لە هیچ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان ئەنجامنادرێت.
عیماد جهمیل، سهرۆكی تیمی راگهیاندنی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق گوتبووی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان حەوت هەزار و 8 ناوهندی دهنگدان له 47 هەزار و 655 وێستگهدا دادهنرێن. ئاماژەی بەوەش دابوو، 23 ملیۆن و 367 ههزار و 81 كهس مافی دهنگدانیان ههبێت، بهڵام لهو ژمارهیه 18 ملیۆنیان تۆماری دەنگدەرانیان نوێكردووهتهوه و كارتی دهنگدانیان وهرگرتووهتهوه.
بە گوتەی سهرۆكی تیمی راگهیاندنی كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكانی عێراق، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا 250 هەزار کارمەند سەرپەرشتیی سندووقەکانی دەنگدان دەکەن.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا حزب و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی بەشداریکردنی کورد بە یەک لیست بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رێکنەکەوتوون و بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پارتی لەگەڵ شەش حزبی سیاسی کەرکووک هاوپەیمانی پێکدەهێنێت و بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا تۆماردەکات.