سێ هەزار تەرمی نەناسراو لە پزیشکییە دادییەکانی خەرتوم کەوتوون
K24 - هەولێر
زیاتر لە سێ هەزار تەرم لە سێ پزیشکی دادی لە خەرتومی پایتەختی سوودان کەوتوون، بەبێ ئەوەی زانیاریی تەواو لەبارەی ئەو ئەوشوێنانە لەبەردەستدا بێت.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستی لە خەرتومی پایتەختی سوودان، مەحمود ئەلقائیم، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، سەرجەم پزیشکی دادییەکان داخراون، و هیچ کارمەندێکی پزیشکییان تێدا نییە، چونکە دەکەونە ناوچەکانی پێکدادانەکان، شەڕەکەش بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای شارەکە.
بەڕێوەبەری دەستەی پزیشکی دادوەری لە خەرتوم، د. هیشام زەینولعابدین بەهەمان سەرچاوەی راگەیاند، لە خەرتوم سێ پزیشکی دادی هەیە؛ پزیشکی دادی نەخۆشخانەی ئوم درمان، پزیشکی دادی نەخۆشخانەی ئەکادیمی، هەروەها پزیشکی دادی نەخۆشخانەی بەشائر، ئەو سێ شوێنە توانای هەڵگرتنی چەند سەد تەرمێکی هەیە، بەڵام بە بڕیارێکی حکومەت بڕیاریدا لە ساڵی 2019ەوە، هیچ تەرمێک نەنێژرێت، بەجۆرێک کە تەرمی مردووەکان کەڵەکە بوون و ژمارەی تەرمی ئەو شوێنانە گەیشتە نزیکەی سێ هەزار تەرم، ئەمەش فشارێکی زۆری خستە سەر پزیشکی دادییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامبوونی شەڕەکە رێگر بوو لە زانینی رادەی زیانەکانی پزیشکی دادی، گوتیشی: "ئەو کارەبایە لەبەردەستدا نییە بۆ کارپێکردنی ساردکەرەوەکان، لەگەڵ ئەگەری کەوتنە خوارەوەی موشەک و گوللـە بەسەر شوێنەکاندا.
دەشڵێت: ترسی ئەوە هەیە سەگ و پشیلەی بێسەرپەرشت هاتبێتە ناویانەوە و تەرمەکانیان خواردبێت، لە ئێستا تەرمەکان وەک ئەوە وایە لە شەقامەکاندا بن بەهۆی شەڕەوە، چونکە هیچ پزیشک و کرێکارێکیان لەگەڵدا نیە.
زەینولعابیدین راشیگەیاند، شوێنی مردوو هەڵگرەکان لە ناوەڕاستی گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون لە خەرتوم دروستکراون، ئەمەش وایکردووە ئەو هاووڵاتیانەی لە نزیک ئەو شوێنانە دەژین گلەیی لە بۆنی ناخۆش و دەرئەنجامی شیبوونەوەی تەرمی مردووەکان بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پێش جەنگەوە تەرمەکان لە پزیشکی دادییەکان شیبوونەتەوە و بوونەتە کەڵەکە گۆشت و تەرمێکی تەواو لەو شوێنانەدا نەماوە".
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە ویلایەتی خەرتوم گوتیشی، سەرجەم پزیشکی داییەکان داخراون، هەروەها هیچ کارمەندێکیان تێدا نییە، چونکە دەکەونە ناوچەیەکی پێکدادان و بەدەست پچڕانی کارەباوە دەناڵێنن .
ئەلقائیم روونیشیکردەوە، تەرمی کوژراوەکانی جەنگ بەشێوەیەکی بەرفراوان لە شەقامەکانی خەرتوم بڵاوبوونەتەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی رێڕەوی سەلامەت کە دەسەڵاتی تەندروستی بتوانێت بەخاکیان بسپێرن.
ئاشکراشیکرد، "مانگی سووری سوودان و خاچی سوور ئەم رۆڵە دەبینن ئەگەر رێرەوی سەلامەتی بەردەست بێت، هەروەها هۆشداریشیدا لە شیبوونەوەی تەرمی مردووەکان لە شەقامەکان و ئەو مەترسییە ژینگەیی و کارەساتانەی کە رەنگە بەدوای خۆیدا بهێنێت، هەروەها هیچ ئامارێکیان نییە لەسەر ژمارەی تەرمی مردووەکان لە شەقامەکانی خەرتوم.
لە 15ی نیساندا، شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرادا سەری هەڵدا و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.