وەزارەتی دارایی نزیکەی 670 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەی رێگای کەلار – دەربەندیخان تەرخاندەکات

رێگای کەلار - دەربەندیخان - وێنە: ئەرشیف
رێگای کەلار - دەربەندیخان - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کێشەی کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی رێگای دووسایدی کەلار - دەربەندیخان چارەسەر دەکات و بڕیاریداوە نزیکەی 670 ملیۆن دۆلاری بۆ کۆمپانیاکە خەرج بکات.

رۆژی یەکشەممە (30ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، وەزیری دارایی و ئابووریی، بڕیاری خەرجکردنی بڕی 669 ملیۆن و 233 هەزار دینار لەلایەن گەنجینەوەی سلێمانییەوە لەسەر هەژماری بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی گەرمیانەوە بۆ سەر هەژماری کۆمپانیای بێشکان کە جێبەجێکاری پرۆژەی دووسایدکردنی رێگای کەلار – دەربەندیخانە، دەرکردووە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری روونیکردووەتەوە، لە پێناو بەردەوامی بەڕێوەچوونی کارەکانی پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە، ئەو بڕیارە دراوە تا بتوانرێت شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت و کێشەکانیان چارەسەربێت.

رۆژی (14ـی حوزەیرانی 2022)، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردەوە، بە فەرمانی سەرۆکی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە و تێیدا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی (60) ملیار دینار بە مەبەستی جێبەجێکردنی دروستکردنی رێگه‌ی کەلار - دەربەندیخان.

پڕۆژەی رێگای کەلار- دەربەندیخان لە رووی بازرگانی و ھاتوچۆی گەشتیاری و کەمکردنەوەی رووداوەکانی ھاتوچۆوە، سوودێکی زۆری بۆ دەڤەری گەرمیان دەبێت، کە ساڵانێکی زۆرە کێشەی یەك سایدی رێگای نێوان گەرمیان- سلێمانی ھەیە.

0