لە پێنج پارێزگا پلەی گەرما دەچێتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی
K24 – هەولێر
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ لە پێنج پارێزگای عێراق پلەی گەرما دەچێتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.
دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی عێراق پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و لە پارێزگاکانی دیوانیە، میسان، زیقار، موسەنا، و بەسرە پلەی گەرما بۆ سەرووی 50 پلە بەرز دەبێتەوە.
لەبارەی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی هەرێمی کوردستان، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە 1/8/2023، ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت، پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو.
سەبارەی بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، سبەی چوار شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بە بەراورد لە تۆمارکراوی ئەمرۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 43
سلێمانی: 41
دهۆک : 42
کەرکوک : 47
هەڵەبجە : 45
زاخۆ : 43
سۆران : 42
گەرمیان: 49