هێرشی چەند هاووڵاتییەکی تورک بۆ سەر خێزانێکی یەمەنی لە ئیستانبوڵ کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

دیمەنی شەڕەکە
دیمەنی شەڕەکە

K24 – هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆییەک لە سۆشیال میدیا کە تێیدا ژمارەیەک هاووڵاتی تورک لە دوو هاووڵاتی یەمەنی دەدەن لە ئیستانبوڵ، کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و باڵیۆزانەی یەمەنیش لە ئەنقەرە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات رێوشوێنی پێویست بۆ سزادانی ئەو هاووڵاتییانە بگرێتەبەر.

لە روونکردنەوەیەکدا، باڵیۆزخانەی یەمەن لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی شەڕێک لە نێوان منداڵانی خێزانێکی یەمەنی و خێزانێکی تورک لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی کریستاڵ لە ئیستانبوڵ دروستدەبێت، دواتر ژمارەیەک هاووڵاتی زۆر بە توندی هێرش دەکەنە سەر ئەو خێزانە یەمەنییە.

باڵیۆزخانەی یەمەن لە ئەنقەرە ئیدانەی ئەو دەستدرێژییەی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی تورکیا دەکات بۆ سەر ئەو خێزانە یەمەنییەی لە ئیستانبوڵ نیشتەجێن و راشیگەیاندووە، هەموو پشتیوانییەکی بۆ ئەو خێزانە دووپاتکردووەتەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی تورک، بەشێوەیەکی زۆر توند هێرشدەکەنە سەر ئەو خێزانە یەمەنەییە و بە چەند کەسێک لە پیاوێک دەدەن، کە دواتر دەرکەوت هاووڵاتییەکی یەمەنییە و لەگەڵ خێزانەکەی لە ئیستانبوڵ نیشتەجێن.

پەیامنێری کوردستان24 لە یەمەن رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەو رووداوە لە سۆشیال میدیای یەمەن، کاردانەوەی توندی هاووڵاتییان و حکومەتی لێکەوتووە و داوا لە تورکیا کراوە ئەو کەسانەی بەوشێوەیە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئەو خێزانە یەمەنییە دەستگیربکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی باڵیۆزخانەی یەمەن لە ئەنقەرە، حکومەتی تورکیا بە فەرمی هاتووەتە سەرهێل و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانەی ئازاری خێزانە یەمەنییەکەیان داوە.

راگەیەندراوی باڵیۆزخانەی یەمەن لە ئەنقەرە
راگەیەندراوی باڵیۆزخانەی یەمەن لە ئەنقەرە