نەبەز عەبدولحەمید: عێراق هەناردەکردنەوەی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر

K24 - هەولێر:

ماوەی چەند رۆژێکە قەیرانی کەمی بەنزیزنی حکوومی سەری هەڵداوەو شۆفێران بۆ چەند کاتژمێرێک لەبەردەم بەنزینخانەکان سەرەدەگرن تا بەنزینی حکوومیان دەست بکەوێت بەهۆی راگرتنی بەشە بەنزینی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە  بڕی بەنزینی حکوومی کەم بوەتەوە قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێریش بە کوردستان24ـی راگەیاند،  بریارە لەم دوو رۆژە حکوومەتی عێراق دەست بە هەناردەکردنەوەی بەشە بەنزینی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

بەشێک لە شۆفێران رایدەگەیەنن، پێویستە حکومەتی عێراق هەناردەکردنەوەی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و وەک خۆشیان دەڵێن، دەیانەوێت کێشەی بەنزیناین بۆ چارەسەربکرێت، داواکاریشن هەرچی زووە ئەو قەیرانە بە کۆتا بێت و ئیدی لە ژێر ئەو گەرمایە لە سەرەی وەرگرتنی بەنزیندا نەبن.

لە سەرەتاکانی مانگی تەمووزەوە بەشە بەنزینی هەرێمی کوردستان  لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە راگیراوە، گفتوگۆکان دەستیان پێکردوە لەم هەفتەیە دەست بە هەناردەکردنی بکرێتەوە، جگە لە راگرتنی بەشی هەرێمی کوردستان خواستی زۆریش هۆکارێکی دیکەی قەیرانەکەیە.

لەلایەن خۆیەوە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، بۆ کوردستان24 گوتی: لەو یەک دوو رۆژەی داهاتوو پێشبینی دەکەین ئەو بڕە بەنزینەی کە بەشی هەرێمی کوردستانە کە بڕدراوە دووبارە هەناردە بکرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: ئەو ئاسانکارییەی کە بۆ بازرگانان و کۆمپانیاکان دەکرێت، ئەوەش ئەنجامێکی باشی دەبێت، بڕیاروایە 71 ملیۆن لیتر بەنزین لەو مانگەدا رەوانەی بازاڕەکانی هەولێر و دەوروبەری، چەند شار و شارچۆکەکیدی بکرێت.

هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووتەوە بۆ مانگی ئاب بڕی زیاتر لە 71 ملیۆن  لیتر بەنیزین بۆ هەرێمی  کوردستان هاوردە بکرێت، بەهۆی ئەو قەیرانەوە نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکانیش جۆراو جۆر بەرزبووەتەوە بۆ سەروی هەزار دینار، خواستی هەرێمی کوردستان رۆژانە پێوستی بە چوار بۆ پێنج ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2ـی ئابی 2023)، له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی سامانه‌ سرووشتییه‌كان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونی بەنزین و  دابەزاندنی نرخەکەی، بڕی 540,000 لیتر بەنزین گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە بەنزینخانەکان بە نرخی 750 دینار دابەش دەکرێت.

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو،  بڕیارە هەر ئەمڕۆ بڕی 1،512،000 لیتر بەنزینی دیکەش بگاتە هەرێمی کوردستان.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ هاوردەکردنی بەنزینی زیاتر، مۆڵەتی هاوردەکردنی داوەتە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت.