روانگەی ئەزهەر: داعش چالاکییەکانی بۆ بەرازیل و ئەرجەنتین گواستووەتەوە

پۆلیسی بەڕازیل
پۆلیسی بەڕازیل

K24 - هەولێر:

روانگەی ئەزهەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی، راپۆرتێکی بنکۆڵکاری سەبارەت بە زیادبوونی چالاکییەکانی رێکخراوی داعش لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و بەتایبەتی لە بەڕازیل و ئەرجەنتین و چیلی و کۆڵۆمبیا بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوەکرد، داعش لە ئەمەریکای لاتین سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە.

روانگەی ئەزهەر بڵاویکردەوە، دوای شکستهێنانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، داعش چالاکییەکانی بۆ وڵاتانی ئەمریکای لاتین و بەتایبەتی بۆ بەرازیل و ئەرجەنتین گواستووەتەوە.

باسی لەوەشکردووە، سەرباری ئەوەی چالاکییەکانی داعش لە ئەمەریکای لاتین هاوشێوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا فراوان و رێکخراو نین، بەڵام هێشتا مایەیەی مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئەو وڵاتانە.

بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی ئەزهەر، لەم چەند ساڵەی دوایدا داعش چالاکییەکانی لە ئەمەریکای لاتین بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ راکێشانی چەکدار، زیادیکردووە.

ئاشکراشیکردووە، بەهۆی لەباری دۆخەکەوە داعش بەشێوەیەکی سەرەکی چاوی لەسەر بەڕازیلە و لە هەفتەی رابردووشدا کەسێک لەناو فڕۆکەخانەی ریۆ دی جانێرۆ دەستگیرکراوە کە لەڕێگادا بووە بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە لە بەڕازیل.

لە راپۆرتەکەی روانگەی ئەزهەردا هاتووە، مانگی رابردوو هێزە ئەمنییەکانی بەڕازیل گرووپێکی سەر بەداعشیان دەستگیرکردووە کە بەرپرسیاربوون لە وەرگرتن و چەکدارکردنی منداڵان لە ناوچەی ئەمازۆنی باکووری رۆژهەڵاتی بەڕازیل و توانیویشیانە 15 منداڵ لە دەستیان رزگار بکەن.

ئاماژە بەوەش دراوە، هەموو ئەم رووداوانە دەرخەری ئەوەن، کە داعش بەشێوەیەکی فراوان رووی لە جوگرافیای ئەمەریکای لاتین کردووە و ئەوێی کردووەتە پەناگەیەک بۆخۆی.

ئەزهەر داواشیکردووە نەک بەتەنها لەسەر ئاستی ئەمنی، بەڵکو وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەوروپا پێویستە لەسەر ئاستی ئایینیش خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش ئامادە بکەن، چونکە دەبێتە مەترسییەکانی درێژخایەن لەسەر جیهان.