گەنجێک لە کەرکووک هاوسه‌ر و خەزووری دەکوژێت

دیمه‌نێكی شاری كه‌ركووك
دیمه‌نێكی شاری كه‌ركووك

K24 - كه‌ركووك:

گەنجێک دوای ئەوەی نێوانی لەگەڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی تێکدەچێت و بەوهۆیەوە هاوسه‌ره‌كه‌ی دەچێتەوە ماڵی باوکی، دواتر بۆ هێنانەوەی دەچێتە ماڵی خەزووری و دوای دروستبوونی دەمەقاڵە له‌نێوانیاندا، له‌ به‌رده‌گه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا خەزووری دەکوژێت و خەسووی و هاوسه‌ره‌كه‌ی و برای هاوسه‌ره‌كه‌شی بریندار دەکات و دواتریش هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌دات.

لەوبارەیەوە عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 3ـی ئابی 2023) ئەو گەنجە بە چەکی بێمۆڵەت هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خەزووری و بۆ بردنەوەی خێزانەکەی چووە کە پێشتر ناخۆشی لەنێوانیاندا دروستبووە و خەزووری رەتیکردۆتەوە هاوسه‌ره‌كه‌ی بگەڕێتەوە بۆ لای.

هه‌روه‌ها گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی، گه‌نجه‌كه‌ خەزووری بە چەک کوشتووە و خەسووی و هاوسه‌ر و برای هاوسه‌ره‌كه‌ی بریندار دەکات و بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵدێت،روونیشیكرده‌وه‌، تۆمەتبارەکە هەڵاتووە هێزەکانیان لێکۆڵینەوەیان لەڕووداوەکە دەستپێکردووە.

په‌یامنێری كوردستان24 ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پۆلیس ده‌ستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌ و به‌دوای تۆمه‌تباره‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت و كوژراوه‌كان له‌ پزیشكی دادیدایه‌ و برینداره‌كه‌ش له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌.

په‌یامنێری كوردستان24 ئاشكراشیكرد، كه‌ هاوسه‌ری تۆمه‌تباره‌كه‌، دوای بردنی بۆ نه‌خۆشخانه‌، گیانی له‌ده‌ست داوه‌، له‌ ئێستاشدا كه‌سوكاره‌كه‌یان چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانیانن بۆ ئه‌وه‌ی به‌خاكیان بسپێرن.

Fly Erbil Advertisment