لە هەڵەبجە دوو تەرم بە دەست بەستراوی دۆزرانەوە

هەڵەبجە
هەڵەبجە

K24 – هەڵەبجە:

دوو تەرم لە گوندی چاوگ لە پارێزگای هەڵەبجە دۆزراونەتەوە کە گومان دەکرێت کوڕ و باوک بن و زیاتر لە 30 فیشەک بە جەستەیانەوە دیارە.

پەیامنێری کوردستان24 لە هەڵەبجە رایگەیاند، تەرمی دوو کەس رەوانەی پزیشکی دادی کراوە بە مەبەستی توێکاری بۆ ناسینەوەی ناسنامەیان و زانینی ماوەی کوشتنیان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەو شایەتحاڵانەی سەرەتا چوونەتە سەر ئەو دوو تەرمە، ئاماژەیان بەوەکردووە، دوو کەسە کوژراوەکە یەکێکان تەمەنی سەروو 50 ساڵانە و ئەوەی دیکەیان نزیکەی 25 ساڵانە کە بە پەت دەستیان بەستراوەتەوە و شوێنەواری گوللـە بە جەستە و سەریانەوە دیارە.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی پێدەچێت چەند رۆژێک بێت ئەو رووداوە روویدابێت بەهۆی ئەوەی جەستەیان رەشبووەتەوە و شێوەیان تەواو ناناسرێتەوە.

هاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە ناسنامەی دوو تەرمەکە ئاشکرابووە کە خەڵکی هەڵەبجەن بەڵام لەبارەی هۆکاری کوشتنیان و رووداوەکە، لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە و وابڕیارە پۆلیسی هەڵەبجە بۆ رای گشتی زانیارییەکان بخاتەڕوو.

Fly Erbil Advertisment