ئاسایشی هەولێر ئەو تۆمەتبارە دەستگیردەکات کە خەزوور و خەسوو و هاوسەرەکەی لە کەرکووک کوشت
K24 – هەولێر:
دوای ئەوەی دوێنێ لە کەرکووک هاووڵاتییەک بە چەک هێرشدەکاتە سەر ماڵی خەزووری و سێ کەس دەکوژێت، بۆ هەولێر هەڵدێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، "دواى ئەوەی لە (٣ی ئابی 2023) لەگەڕەکی کەرامەی شاری کەرکووک تۆمەتبارێک بەناوی (ه. م. ع.) بە چەک هێرشیکردە سەرماڵی غەزووری و بووە هۆی کوژرانی خەزووری بەناوی (ئەحمەد عەباس ساڵح) و خەسووی بەناوی (شلێر ساڵح) و خێزانی تۆمەتبارەکە بەناوی (فێنک ئەحمەد عەباس) و برینداربوونی کوڕە غەزوورەکەی بەناوی (محەممەد عەباس ساڵح)".
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیاریمان بەدەست گەیشتووە کە تۆمەتبارەکە بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتووە، دواتر بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبارە دێتە شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، تواندرا تۆمەتبار (ه. م.ع.) دەستنیشان بکەن و دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرايەتی پۆليسی هەولێر و بەڕێوەبەرايەتی بازگەكان دەستگیرکرا.
هەروەها ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، رێکارە یاساییەکان گیراوەتەبەر.
پێشتر کوردستان24 بڵاویکردەوە، گەنجێک دوای ئەوەی نێوانی لەگەڵ هاوسهرهكهی تێکدەچێت و بەوهۆیەوە هاوسهرهكهی دەچێتەوە ماڵی باوکی، دواتر بۆ هێنانەوەی دەچێتە ماڵی خەزووری و دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لهنێوانیاندا، لهبهر دهرگای ماڵهكهی خۆیاندا خەزووری دەکوژێت و خەسووی و هاوسهرهكهی و برای هاوسهرهكهشی بریندار دەکات و دواتریش خەسووی و هاوسهرهكهی له نهخۆشخانه گیان لهدهست دهدەن.
لەوبارەیەوە عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک به كوردستان24ـی راگهیاند، ئێوارهی رۆژی (پێنجشهممه 3ـی ئابی 2023) ئەو گەنجە بە چەکی بێمۆڵەت هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خەزووری و بۆ بردنەوەی خێزانەکەی چووە کە پێشتر ناخۆشی لەنێوانیاندا دروستبووە و خەزووری رەتیکردۆتەوە هاوسهرهكهی بگەڕێتەوە بۆ لای.