ئەمەریکا هێزی مارێنز لەسەر ئەو کەشتیە بازرگانییانە جێگیردەکات کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت

گەرووی هورمز
گەرووی هورمز

K24 - هەولێر

بەرپرسانی ئەمەریکا پشتڕاستیان کردەوە کە سوپای ئەمەریکا پلانی دانانی ئەندامانی هێزی دەریایی مارێنزی داناوە لەسەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بەناو گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لەم دواییانەدا دەستبەسەرداگرتن و هەراسانکردنی کەشتیە مەدەنیە تایبەتەکان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە زیادی کردووە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت رایگەیاند، پلانەکان هێشتا رەزامەندی کۆتایییان پێنەگەیشتووە، بەڵام پاڵپشتی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی جۆو بایدنیان هەبووە و ئاماژەیان بەوەداوە دەتوانن هەر لەم مانگەوە دەست پێبکەن .

ژمارەیەک لە هێزی دەریایی مارێنز لە کەمپی لیجۆن لە کارۆلینای باکوورەوە گواسترانەوە بۆ بەحرەین، لەوێ مەشقی پەیوەندیداریان لەگەڵ یەکەی ژمارە 26 وەرگرتووە، کە بەزۆری لەسەر کەشتییە جەنگییەکان جێگیر دەکرێن، هەروەها کارمەندی زیادەش جێگیردەکرێن کە چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە بگەنە بەحرەین.

لە ناو کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "یو ئێس ئێس باتان، یو ئێس ئێس کارتەرهول، یو ئێس ئێس میسا فێردی" لە هێزی دەریاییدا هەن، هەروەها باتان و کارتەر هۆڵ لە 10ی تەمموزدا ویلایەتی ڤێرجینیایان بەجێهێشتووە، هەروەها کەشتیی باتان هەفتەی رابردوو گەرووی جەبەل تاریقی بەزاند و چووەتە دەریای ناوەڕاست.

لە چوارچێوەی ئەمەشدا، بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، ئەو پێشنیازە لە پێنتاگۆن لە ژێر گفتوگۆدایە، بەڵام بەروونی ئەوەی خستەڕوو کە هێشتا رەزامەندی لەسەر نەدراوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پلانەکە، گوتەبێژی پێنتاگۆن جەنەراڵ پاتریک رایدەر رایگەیاند، هیچ شتێکیان نییە بۆئەوەی رایبگەیەنن.

جۆن کیربی، راوێژکاری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەدا کە گەرووی هورمز "ڕێڕەوێکی ژیانی دەریاییە"، هەڕەشەکانی ئێران دەتوانێت ببێتەهۆی داخستنی ئەو گەرووەی کە کەنداو بە ده دەریاکەوە دەبەستێتەوە، کە لە 20%  نەوتی خاوی جیهان لەم رێگەیەوە دەگوازرێتەوە.

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە هەوڵێکە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕێوشوێندا کە لە لایەن ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆک کۆمارەوە پەیڕەو دەکرێت لە دوای زیادبوونی هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان و گواستنەوەکان.

 بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە، دەریاوانە ئەمریکییەکان تەنیا لەسەر داوای ئەو کەشتیانەی بەشدارن ئاسایش دابین دەکەن.