سێ کەس بەتۆمەتی بڕینی نووسینگەیەكی حەواڵەی دراو لە سلێمانی دەستگیرکران

K24 – سلێمانی
هێزەکانی پۆلیس لە سلێمانی سێ کەسیان بە تۆمەتی بڕینی نووسینگەیەكی حەواڵەی دراو دەستگیرکردن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "لە ساتی گەڕان و دەرچوونەکانی مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بۆ ناوبازاڕ و گەڕەكەكانی شاری سلێمانی، لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ و بەهاوكاری نووسینگەی كوردساتی نەهێشتنی تاوان سێ تۆمەتبار لە ساتی بڕینی نووسینگەیەكی حەواڵەی دراو دەستگیركران و دەستیشگیرا بەسەر بڕی 40 ملیۆن دینار و ژمارەیەكی زۆر كارتی هێڵەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت".
ئاماژە بەوەشکراوە: "لەكاتی لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە منداڵێكی خاوەن نوسینگەكە هاوكاری تۆمەتباران بووە بۆ بڕینی نووسینگەكە م، ك، ر لەدایكبووی 1986، پ، ر، ع لەدایكبووی 2001 و ر، ع، ع لەدایكبووی 2001 بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە ".