سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر "رووداوی ورچ"ـەکە هاتە دەنگ

K24 - هەولێر:

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دا لێکۆڵینەوە لە رووداوی بەرەڵابوونی ورچێك لەنێو فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی بکرێت، کە ببووە هۆی دواکەوتنی گەشتی فڕۆکەکە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایدەگەیەنێت: بە پشتبەستن بە سکاڵایەک سەبارەت بە بوونی کەموکوڕی لە یەکێک لە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن رادەسپێرێت کە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و پیشەیی بکات بۆ زانینی هۆکارەکانی ئەم کەموکوڕییە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای فڕۆکەکە و گەشتەکان و خزمەتگوزارییەکان هەبووە.

نزیکەی دوو رۆژ لەمەوبەر، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی عێراقی کە لە دوبەیەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوتبوو، ژمارەیەک سەرنشین و ورچێكی هەڵگرتبوو، بەهۆی چوونەدەرەوەی ورچەکە لە قەفەسەکەی، گەشتەکە، بۆ ماوەیەک دواکەوت.