وەزارەتی دارایی خشتەی تەواوی مووچەی راگەیاند

باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی حوزەیران راگەیاند.

رۆژی یەکشەممە (6ـی ئابی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی حوزەیران راگەیاند کە هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێدەکات و بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتاییدێت.

رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، کوردستان24 لیستی دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە و لەلایەن خۆیەوە، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە دابەشکردنی مووچە بەردەوامدەبین و لە رۆژانی داهاتوودا تەواوکاری لیستی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم دامودەزگاکانی دیکە رادەگەیەنین".

پێشتریش لە هەمان رۆژدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕی 598 ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێم کرا و رەوانەی بانکەکان کرا بەمەبەستی دابەشکردنی مووچە و هەمان رۆژیش دابەشکردنی مووچە لە وەزارەتی تەندروستی دەستیپێکرد و خشتەی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان راگەیەندرا.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیراندا، وەزارەتی دارایی راسپارد، بەخێرایی خشتەی مووچە رابگەیەنن و دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت و ئەو کورتهێنانەشی هەیە پڕبکرێتەوە.

پێشتریش لەلایەن خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە رایگەیاند، ئه‌و بڕە پارەیەی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ كرا، "نه‌ك شایسته‌ داراییەكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت مووچه‌ی ته‌واوه‌تی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌بوو".